رووداو دیجیتاڵ
راهێنەرەکەیان دەڵێت مۆندیالی راستەقینە دەستپێدەکات، پۆرتوگال یارییەکی ئاگرینی دەبێت بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
هەڵبژاردەی پۆرتوگال، بەرەبەیانی رۆژی هەینی کاژێر 02:00 لە یارییەکی ئەورووپی و لووتکەدا، کە کۆبوونەوەی دوو هاوڕێ، دوو ئەفسانە، دوو سەرکردەی تێدا دەبێت رووبەڕووی کرواتیا دەبێتەوە و کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لوکا مۆدریچ، یەکێکیان ماڵئاوایی لە مۆندیال دەکەن.
رۆژی چوارشەممە هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە گرنگ و چارەنووسسازە ئەنجامدا، جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە بۆ ئەوەی لە ریزی تیپە گەورەکاندا بمێنێتەوە و بگاتە قۆناخی شازدەی مۆندیال.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ زۆرترین چاوی لەسەرە بۆ ئەوەی هاوکاریی تیپەکەی بکات بۆ پەڕینەوە بەرەو قۆناخی داهاتوو.
سەرجەم یاریزانەکانی پۆرتوگال بۆ ئەم یارییە ئامادەن، هیچ یاریزانێک پێکانی نییە.
پۆرتوگال لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، لە کۆمەڵەی دوازدەیەم بوو، لە سێ یارییدا دوو یەکسانبوون و بردنەوەیەکی هەبوو، بە دووەمی کۆمەڵەکەی گەیشتە قۆناخی 32ـی مۆندیال.
هەڵبژاردەی کرواتیا، دەیەوێت کارێک بکات، پێشتر هەرگیز ئەنجامی نەداوە، کاتێک بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆرتوگال یاریی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی شازدەی مۆندیال.
لوکا مۆدریچ، سەرکردە و کاپتنی تیپەکەیە و ئەمە دوایین مۆندیالی ئەو دەبێت بەدرێسی هەڵبژاردەکەوە، بۆیە دەیەوێت هاوکاریی تیپەکەی بکات، بۆ سەرکەوتن بەرامبەر تیپەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و پەڕینەوە بەرەو قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
کرواتیا هەرگیز لە یارییەکی فەرمیدا سەرکەوتنی بەرامبەر پۆرتوگال بەدەستنەهێناوە، تەنیا یەکجار لە یارییەکی دۆستانەدا لە کۆی 10 یارییدا سەرکەوتنی بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە بەدەستهێناوە و 7 جار دۆڕاوە.
هەڵبژاردەی کرواتیا، لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا دوو بردنەوە و دۆڕانێکی هەبوو، بە شەش خاڵ و بە پلەی دووەمی کۆمەڵەی دوازدەیەم گەیشتە ئەم قۆناخەی مۆندیال.
سەرجەم یاریزانەکانی کرواتیا بۆ ئەم یارییە ئامادەن، تۆرۆنتۆی کەنەدا لەنێوان لوکا و کریستیانۆ براوەی یارییەکە یەکلادەکاتەوە.




