رووداو دیجیتاڵ
هەواڵێکی خۆش گەیشتە راهێنەر و یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و پێش رووبەڕووبوونەوەی کابۆ ڤێردی چەکێکی سەرەکی بەدەستهێنایەوە.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پاڵپشتییەکی مەعنەوی گەورەی پێگەیشت پێش رووبەڕووبوونەوەی کابۆ ڤێردی لە قۆناخی 32ـی مۆندیالی 2026، دوای ئەوەی کریستیان رۆمێرۆی بەرگریکار ئامادەبوو بۆ بەشداریکردن لە یارییە چاوەڕوانکراوەکەدا.
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان بۆ تۆڕی ESPNـی ئەمریکی پشتڕاستیان کردووەتەوە، کریستیان رۆمێرۆی بەرگریکارەکەی تۆتێنهام هۆتسپێر دوێنێ چوارشەممە لە شاری کانساس سیتی لەگەڵ هاوڕێکانی بەشداری لە یەکەی مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کرد، بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێرێکی بەهێز بۆ بەشداریکردن لە پێکهاتەی سەرەکی بەرامبەر کابۆ ڤێردی لەو یارییەی کە بڕیارە بەرەبەیانی شەممە ئەنجام بدرێت.
کریستیان رۆمێرۆی تەمەن 28 ساڵ، لە سەرکەوتنەکەی ئەرجەنتین بەرامبەر ئوردن بەئەنجامی 3-1 لە گەڕی کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکاندا ئامادە نەبوو، دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر نەمسا کە بەسەرکەوتنی 'سەماکارانی تانگۆ' 2-0 لە 22ـی حوزەیران کۆتاییهات، تووشی پێکان بوو لە ئەژنۆیدا.
شاندی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە سەرۆکایەتی لیۆنێل مێسی کاپتن، ئێوارەی چوارشەممە گەیشتنە شاری فۆرت لۆدەردەیل لە ویلایەتی فلۆریدا، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەو یارییەی کە لە مەیامی بەڕێوەدەچێت، کە تیپەکە دوایەکەی مەشقی خۆی رۆژی پێنجشەممە لە ناوەندی مەشقەکانی یانەی ئینتەرمەیامی ئەنجام دەدات.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین وەک پێشەنگی کۆمەڵەی دەیەم بە نمرەی تەواو سەرکەوت بۆ قۆناخە یەکلاکەرەوەکان، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەسەر نەمسا، جەزائیر و ئوردندا بەدەستهێنا، لەکاتێکدا لیۆنێل مێسی 6 گۆڵی لە کۆی 8 گۆڵی تانگۆ لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا تۆمارکرد.




