رووداو دیجیتاڵ
هاری کەین، گۆڵکاری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، پاش پێشەوایەتیکردنی هەڵبژاردەکەی بۆ قۆناخی شانزەی مۆندیال و رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی مەکسیک، لە نێو یاریگای خۆی، دەڵێ دەبێ باش خۆمان بۆ ئەو یارییە ئامادە بکەین.
ئینگلتەرا بە ادوو گۆڵی هاری کەین و بەئەنجامی 2 - 1 گۆڵ بەسەر کۆنگۆدا سەرکەوت و بۆ قۆناخی شانزەی مۆندیال سەرکەوت. لە قۆناخی داهاتوودا ئینگلتەرا رووبەڕووی مەکسیک دەبێتەوە، لە نێو خاکی خۆی.
هاری کەین لە دوای یارییەکە دەڵێ، "رووبەڕووبوونەوەی مەکسیک لە خاکی مەکسیکدا، گەورەترین شتە کە لە مۆندیالدا رووبدات. کەشوهەواکە بێوێنە دەبێت و بەهۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوە یارییەکی قورس دەبێت. بەڵام لە کۆتاییدا، ئەگەر دەتەوێت ببیتە پاڵەوانی جیهان، دەبێت بەناو یارییە قورسەکاندا تێپەڕیت. دوو تیپی باش، مەکسیک لە یاریگای خۆی، بۆیە دەبێت ئامادە بین. بەڵام بۆ ئێستا، تەنیا دەمەوێت چێژ لەم ساتە وەربگرم".
هاری کەین بەتۆمارکردنی ئەو دوو گۆڵە، ژمارەی گۆڵەکانی لە مۆندیالی ئەمساڵدا گەیاندە پێنج گۆڵ، هاوتای ئێرلینگ هالاند، لە کاتێکدا مێسی و ئێمباپێ خاوەنی شەش گۆڵن.
کەین دەڵێ، "کیلیان و لیۆ تاوەکو ئێستا پاڵەوانێتییەکی ناوازەیان هەبووە، وەک زۆر لە یاریزانانی دیکەش. بەڵێ، ئەوە کار و پیشەی ئێوەیە کە بەراوردمان بکەن و بمانخەنە سەر ئەو پێگە بەرزە، وا دیارە تاوەکو ئێستا هەمووان پاڵەوانێتییەکی باشیان هەبووە. تەنیا مەبەستم ئەوەیە چی لە توانامدا بێت بیکەم بۆ یارمەتیدانی تیپەکە بۆ سەرکەوتن، ئەمڕۆش دیسانەوە بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ بوو، بۆیە زۆر دڵخۆشم بەوە".
کاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، باسی وەرگرتنی نیشانەی کاپتنایەتی هەڵبژاردەکەی لە پاڵەوانێتییەکەد ادەکات و دەڵێ، "سەبارەت بە کاپتنایەتی، تۆ باس لە چ ناوە ئەفسانەییانەیەک دەکەیت، پێموایە قورسە بە تەواوی درک بە گرنگییەکەی بکەیت، بە تایبەت کاتێک لە ناو ژینگەی پاڵەوانێتییەکی وادایت و تەنیا بیرکردنەوەت لای یارییەکانە. بەڵام کاتێک دووردەکەویتەوە و هەندێک لەو ناوانە دەخوێنیتەوە کە من ئێستا لە ریزی ئەواندام، بەتایبەت لە مێژووی ئینگلتەرادا، بێگومان شتێکە کە زۆر سوپاسگوزارم بۆی."
ئینگلتەرا تاوەکو ئێستا بەیەکێک لە هەڵبژاردە بەربژێرەکان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی ئەمساڵ دادەنرێت، ئەگەرچی لە یارییەکەی دوێنێ شەودا، بەزەحمەت سەرکەوتنی بەدەستهێنا.




