رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و قۆناخێکی دیکە لە مۆندیالدا بچێتە پێشەوە.
لارۆخا ئەمشەو کاژێر 22:00 لە درێژەی یارییەکانی قۆناخی 32ـی مۆندیال، لە لۆس ئەنجلێس یارییەکی دیکە ئەنجامدەدات و بەرامبەر هەڵبژاردەی نەمسا یاریی دەکات.
تیپەکەی لویس دی لا فوێنتێ، دوایین مەشقەکانی لەنێو کەشوهەوایەکی ئارام و ئەرێنیدا لە کالیفۆرنیا ئەنجامدا و بەتەواوی بۆ رووبەڕوبوونەوەکە ئامادەن.
ئیسپانیا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە یەکسانبوون لەگەڵ کابۆ ڤێردی چووە نێو رکابەرییەکانی مۆندیال، دوای ئەوە دوو یاریی لەسەریەکی لە سعودیە و ئۆرۆگوای بردەوە و وەکو پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی هەشتەم گەیشتە ئەم قۆناخە.
لارۆخا لە سێ یاریی رابردوودا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە، ئەمشەو دەیەوێت پارێزگاری لە گۆڵەکەی بکات و بگاتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە دوو مۆندیالی رابردوودا لە قۆناخی شازدە کراوەتە دەرەوە، ئەمجارە دەیەوێت قۆناخی زیاتر ببڕێت و رکابەری لەسەر نازناوەکە بکات.
لامین یامال، دیارترین ئەستێرەی تیپەکەیە و زۆرترین چاوی لەسەرە بۆ هاوکاریکردنی تیپەکە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
هەڵبژاردەی نەمسا بەدوای سوپرایزێکدا دەگەڕێت کە 72 ساڵە رووینەداوە و دەیەوێت بگاتە قۆناخی شازدەی مۆندیال، کاتێک ئەرکێکی زەحمەت بەرامبەر ئیسپانیا تاقیدەکاتەوە.
نەمسا دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکەیان بەرامبەر لارۆخا لە سانتا باربارا لە کالیفۆرنیا ئەنجامدا، تیپەکە دەیەوێت ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەرکیان زۆر قورسە.
هەڵبژاردەی نەمسا لە دوایین یارییدا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە سێ گۆڵ بۆ هەرلایەک لەگەڵ جەزائیر یەکسانبوو و بە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی گەیشتە قۆناخی 32ـی مۆندیال.
نەمسا لە دوای 28 ساڵ جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە نێو رکابەرییەکانی مۆندیال، لە 1954ـەوە هەڵبژاردەکە نەیتوانیووە بگاتە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە، ئەمشەویش ئەرکیان زۆر قورسە، بەڵام بەدوای ئەنجامێکدا دەگەڕێن کە وڵاتەکە شانازیی پێوە بکات.
ئەوەی لە هەڵبژاردەی نەمسا لەم مۆندیالەدا سەرنجڕاکێشە، توانای گۆڵکردنی یاریزانانی هەڵبژاردەکەیە و لە سێ یارییدا 6 گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام ئەوان بەرامبەر تیپێک یاریی دەکەن، تاوەکو ئێستا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە.




