رووداو دیجیتاڵ
ئەلیکساندەر ڤان دێر بیلین، سەرۆکی نەمسا، داوای لە دایکان و باوکانی نەمساوی کردووە، رێگە بە منداڵەکانیان بدەن، لە کاتی یارییەکانی مۆندیالدا، کاتی خەوتنیان دوا بخەن.
هەڵبژاردەی نەمسا، یەکەم یاریی لە قۆناخی کرانە دەرەوەی مۆندیالدا ئەنجامدەدات لە دوای ساڵی 1954ەوە.
هەڵبژاردەی نەمسا، ئەمشەو کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان (21:00 بەکاتی ئەورووپا)، لە لۆس ئەنجلۆس لە قۆناخی سی و دووی مۆندیال، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبێتەوە.
سەرۆکی نەمسا لە پەیامێکدا کە لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە دەڵێ، "باوکان و دایکانی ئازیز، رێگە بدەن منداڵەکانتان شەوی پێنجشەممە، کەمێک درەنگتر بخەون".
سەرۆکی نەمسا هەروەها دەڵێ، "دەزانم تەماشاکردنی تەلەڤیزیۆن لە کاتێکی درەنگی شەودا، خوویەکی باش نییە، بەڵام ئەمجارە، چاوپۆشی لەوە بکەن، تاوەکو ئەو نەوانەی وڵاتەکەمان کە دەیانەوێت تەماشای هەڵبژاردەکەیان بکەن، بیان بینن و هانیان بدەن".
سەرۆکە تەمەن 82 ساڵانەکەی نەمسا لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێ، "ئەمە یادەوەرییەکە و بەدرێژایی تەمەنیان، بەنەمری لە یادەوەرییاندا دەمێنێتەوە و یارییەکەش هاوکاتە لەگەڵ رۆژەکانی کۆتایی ساڵی خوێندن و دەستپێکردنی پشووی ساڵانە.
نەمسا لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی ئەمساڵ، لە کۆمەڵەی نۆیەمەوە سەرکەوتنی بۆ قۆناخی سی و دوو مسۆگەرکرد، پاشئەوەی پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی بەدەستهێنا، لە دوای ئەرجەنتینی پێشەنگەوە.




