رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئەڵمانیا هەڵیکوتایە سەر بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە، بەتۆمەتی گومانی بەرتیلدان و گەندەڵی لە دۆسێی میوانداریکردنی یۆرۆی 2024.
میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە، 150 لێکۆڵەری نووسینگەی پۆلیسی تاوان لە ویلایەتی راین - ویستلڤالیا، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، هەڵمەتی هەڵکوتانەسەر و پشکنینی فراوانی بارەگای فیدراسیۆنەکەیان جێبەجێکردووە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی پەیوەست بەتۆمەتی گەندەڵی و بەرتیلدانی پەیوەست بەمیوانداریکردنی مۆندیالی 2024.
میدیاکان ئاشکرایانکردووە، هەڵمەتەکەی پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا، نووسینگەکانی فیدراسیۆنەکەی لە فرانکفۆرت و ژمارەیەک ناوچەی دیکەی جیاوازی ئەو شارانە گرتووەتەوە، کە میوانداریی رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەیان کردووە.
سەرچاوەکان دەڵێن، لێکۆڵینەوەکەی پۆلیس، گومانکردنە لە پیاوێکی ئەڵمانیی 66 ساڵان و فەرەنسییەکی 46 ساڵان، کە گومان دەکرێت تێوەگلابن لە وەرگرتنی تایبەتمەندی بەشێوەیەکی رێکخراو لەمیانی پاڵەوانێتییەکە و ئەوەش گومانی بەرتیلدانی هێناوەتە ئاراوە.
پوختەی دۆسێیەکە ئەوەیە کە هەزاران بلیتی یارییەکانی یۆرۆی 2024 لەگەڵ بانگهێشتنامەی مانەوەی خۆڕایی لە هوتێلەکان، بەشێوەیەکی نایاسایی درابێتە بەرپرسان بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە.
لێکۆڵینەوەکان هەروەها ژمارەیەک بەرپرسی شارەوانییە نێوخۆییەکانی ئەو شارانە دەگرێتەوە، کە یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەیان لێ ئەنجامدراوە.
بابەتەکە پەیوەستە بە کۆمپانیایەکی تایبەت بەناوی "Euro 2024 GmbH"، کە کۆمپانیایەکی هاوبەشی نێوان فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیایە و تایبەت بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە دروستکرابوو.
پۆلیس گومان دەکات، ئەو پیاوە فەرەنسییەی دۆسێی پەیوەندی نێوان شارە میوانداریکەرەکانی بەڕێوەبردووە، بانگهێشتی بەرپرسانی شارە میوانداریکەرەکانی کردووە، بۆ ئەوەی لە یارییە بەهێزەکاندا ئامادەبن و بەهۆیەوە ئەگەر هەیە نزیکەی 2400 یۆرۆی وەک بەرتیل وەرگرتبێت.
هەروەها هەندێکی دیکە لە بەرپرسەکان، بلیتی یاریی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکەیان لەنێوان ئیسپانیا و فەرەنسا لە شاری میونشن، بەدیاری دراوەتێ و تێچووی گەشت و مانەوەکەیان بەخۆڕایی بووە.
دۆسێیەکە پاش چەند کاژێرێکی کەم، لە چوونە دەرەوەی ئەڵمانیا لە قۆناخی 32ی مۆندیالی ئەمساڵ وروژێنرا، پاشئەوەی ئەڵمانیا بەلێدانی یەکلاکەرەوە، بە پاراگوای دۆڕا.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە، دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بەلێکۆڵینەوەکەی پۆلیسەوە نییە و ئامانجی پشکنینەکان، فیدراسیۆنەکە نین.
فیدراسیۆنە ئەڵمانییەکە دەڵێ، "لێکۆڵینەوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا وەک رێکخراوێک، هەروەها هیچ بەرپرس و فەرمانبەرێکی فیدراسیۆنەکەوە نییە، بەڵکو ئێمە وەک شایەتحاڵ لە دۆسێیەکەدا بەشدارین و بەڵێنی هاوکاریی تەواومان بەلێکۆڵەران لە دۆسێیەکە داوە".
میدیای ئەڵمانیا دەڵێن، دۆسێی وەرگرتنی بلیتی یارییەکانی یۆرۆ و گەشتکردن و مانەوە لە هوتێل بەخۆڕایی، بەرپرسێکی پێشووی شارەوانیی گیلسنکێرشنی گرتووەتەوە کە پێدەچێت بایی 2400 یۆرۆ بلیتی یارییەکانی پێدرابێت.
هێربرت رول، وەزیری ناوخۆی ویلایەتی راین - ویستلڤالیا گوتوویەتی، "بلیتی ئامادەبوون لە یاریی، بەشێک نییە لە مووچەی هیچ کەسێک، بۆیە هەر کەسێکی کەرتی گشتی داوای بەرتیل بکات بۆ ئەو کارە، دەبێ سەردانی پۆلیس بکات".
ئەو هەروەها دەڵێ، "بۆن گەورەکانی وەک یۆرۆ، پشت بەمتمانەی جەماوەر بە وەرزش و دەسەڵاتدارە رێکخەرەکانی دەبەستێت، ناهێڵین ئەو متمانەیە بەهۆی هەندێک بلیتی یاریی بەخۆڕایی و شتی لەو بابەتەوە، لەناوببرێت".
وروژاندنی دۆسێیەکە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا دەخاتە بەردەم دۆخێکی زۆر هەستیار، بەتایبەت پاشئەوەی هەڵبژاردەی وڵاتەکە لە مۆندیال کرایە دەرەوە و دەنگی ناڕەزایەتیی بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە نێو فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە، زۆر بەرز بووەتەوە.




