رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بەلجیکا لە یارییەکی زەحمەتدا بەرامبەر سەنیگال یاریی دەکات و دەیەوێت رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال بکات.
بەلجیکا سەرەڕای ئەوەی پێکهاتەیەکی پڕ لە ئەستێرەی دیاری هەیە، بەڵام لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ئەو ئاستە بەرزەی پێشکێش نەکرد کە لێی چاوەڕواندەکرا.
تیپەکە رۆژی سێشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە لە کینگ کانتی لە واشنتن ئەنجامدا و تیپەکە بەتەواوی بۆ یارییکردن ئامادەیە و دەیەوێت قۆناخێکی دیکەی پاڵەوانێتییەکە ببڕێت.
باشترین ئەنجامی بەلجیکا لە مۆندیالی 2018 بوو کاتێک پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، لەو کاتەوە هەریەکە لە تیبۆ کۆرتوا، کیڤن دیبرۆین و رۆمێلو لوکاکو لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکەن و ئەگەری هەیە ئەمە دوایین مۆندیالیان بێت بەدرێسی بەلجیکاوە، بۆیە دەیانەوێت لەم مۆندیالەدا ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ هەڵبژاردەکەیان بەدەستبهێنن.
هەڵبژاردەی سەنیگال، بە سەرکردایەتیی سادیۆ مانێ رکابەریی بەلجیکا دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی مێژوویی تۆماربکات، بۆ گەیشتن بە قۆناخی شازدەی مۆندیال.
یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە لە سیاتڵ بەڕێوەدەچێت، تیرانگا بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە و جگە لە یاریی نەکردنی ئێدوارد مێندی، هیچ یاریزانێکی دیکەی هەڵبژاردەکە کێشەی نییە.
سەنیگال لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، وەکو یەکێک لە خاوەنی پلەی سێیەمەکان گەیشتە قۆناخی 32، بەتایبەت بردنەوەیان لە عێراق بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر ئەوانیان گەیاندە ئەم قۆناخە و ئەمشەو بەرامبەر بەلجیکا یاریی دەکات.
براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی سەنیگال و بەلجیکا، کە ئەمشەو کاژێر 23:00 یارییەکەیان دەکرێت لە قۆناخی شازدەی مۆندیالدا بەرامبەر براوەی یاریی ئەمریکا و بۆسنە یاریی دەکات.




