رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی ئیسپانیا، بەسەرسامییەوە باسیان لە ئاستی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە مۆندیالی ئەمساڵ کردووە و بەگەورەترین مەترسی بۆ سەر هەڵبژاردەی وڵاتەکەیانی ناودەبەن.
فەرەنسا بەتۆمارکردنی سێ گۆڵ لە سوێد، قۆناخی 32ی مۆندیالی بڕی و خۆی گەیاندە قۆناخی شانزە، ئاستێکی نموونەیی و توانایەکی هێرشبەریی گەورەی پێشاندا.
رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی کە گەورەترین رۆژنامەی وڵاتەکەیە، لە راپۆرتێکدا دەڵێ، "فەرەنسا دێوی مۆندیالە". لە راپۆرتەکەدا پەسنی تواناکانی هەڵبژاردەکەیداوە، بەهۆی ئەو ئاستە تۆقێنەرەوە کە پێشانیداوە، پاشبردنەوەی لە سوێد.
ئەگەرچی ئیسپانیا هێشتا بەبەربژێرێکی سەرەکی بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دادەنرێت، بەڵام ئەو ئاستە تۆقێنەرەی فەرەنسا پێشانیدا بەرامبەر سوێد، جۆرێک لە دڵەڕاوکەی لای ئیسپانییەکان دروستکردووە.
بەپێی نەخشەڕێگای هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و ئیسپانیا لە قۆناخەکانی داهاتووی مۆندیال، ئەگەر هەردوو هەڵبژاردە سەربکەون، لە قۆناخی هەشتی مۆندیالدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
'مارکا' پێیوایە فەرەنسا نەک هەر بەربژێری بردنەوەی مۆندیالە، بەڵکو یاریی لە دوای یاریی دووپاتیدەکاتەوە چەندە تۆقێنەرە.
رۆژنامەکە دووپاتیدەکاتەوە، هەڵبژاردەی فەرەنسا کە پشت بە هێرشی هەڵگەڕاوەی خێرا و گۆڕانکاریی خێرا دەبەستێت، کۆنترۆڵی یاریگا و تۆپ دەکات و ریتمی یارییەکە بەو شێوەیە هەڵدەسوڕێنیت، کە خۆی دەیەوێت، ئەوە ئەو شتەیە کە بەڕوونی بەرامبەر سوێد دەرکەوت، پاشئەوەی کۆنترۆڵی تۆپی کرد و دوو هێندەی رکابەرەکەی پاساتی کرد.
'مارکا' رۆڵی گەورەی مایکڵ ئۆلیسێی لە یارییەکاندا دەرخستووە، کە بووەتە هۆکاری گەشەکردنی توانا هێرشبەرییەکانی فەرەنسا، پاشئەوەی ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکرد و دوو گۆڵی بۆ کیلیان ئێمباپێ و برادلی بارکۆلا دروستکرد.
رۆژنامەکە دەڵێ دیشام ئازادییەکی تەواوی بەو یاریزانە داوە، لە جووڵەکردن لە قووڵایی یاریگا و ئەوەش ناسنامە و جیاوازییەکی گەورەی بە تیپەکە بەخشیووە.
رۆژنامە ئیسپانییەکە، هەروەها باسی لە توانای فەرەنسا لە مانەوە بەهەمان ئاستی خۆیەوە کردووە، تەنانەت پاش گۆڕانکاریی یاریزانەکانیشی، دووپاتیکردووەتەوە یارییکردنی بارکۆلا لەبری دویێ، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کەسایەتیی تیپەکە و شێوازی یارییکردنی دروستنەکرد و ئەوەش قووڵیی توانای پێکهاتەی تیپەکە دووپاتدەکاتەوە.
رۆژنامەکە هەروەها باسی کیلیان ئێمباپێ و تواناکانی ئەو یاریزانەی کردووە و بەسوودمەندی گەورەی سیستمە نوێیەکەی فەرەنسا ناویبردووە، پاشئەوەی لە یاریگادا ئازادتر دەرکەوت وەک هێرشبەری سەرەڕم، لەگەڵ بەردەوامبوون لە هاوبەشیی هێرشبەریی سەرکەوتوو، لەگەڵ ئۆلیسێ و دێمبێلێ.
'مارکا' پێیوایە، ئەوەی کە زۆر جێگای سەرنجە، هاوسەنگیی ئەو تیپەکە کە دیشام مەشقدی دەدات، چونکە هەڵبژاردەی فەرەنسا لە چوار یاریی پاڵەوانێتییەکەدا گۆڵی لێنەکراوە، لە کاتێکدا تیپەکە چوار یاریزانی هێرشبەر یاریی پێدەکات و بەردەوام لەکاتی لەدەستدانی تۆپدا، گوشار دەکات.
رۆژنامەکە لە کۆتاییدا دەڵێ، "هیچ گومانی تێدا نییە کە فەرەنسا، دێوی مۆندیالەکەیە و چاوەکان بۆ قۆناخی داهاتوو لەسەر پاراگوای دەبن، ئەگەر بتوانێت ئەو دێوە رابگرێت.



