رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل دەڵێت "یارییەکەمان بەرامبەر ژاپۆن، تەواوترین یاریی بووە کە تاوەکو ئێستا کردبێتمان".
راهێنەری بەرازیل دوای ئەوەی لە ژاپۆنیان بردەوە و گەیشتنە قۆناخی شازدەی مۆندیال بە رۆژنامەڤانانی گوت" لەو بڕوایەدام تاوەکو ئێستا، ئەمە تەواوترین یاریی بووە کە کردبێتمان. لە نیوەی یەکەمدا زیاتر کێشەمان هەبوو. هەوڵمان دەدا هەندێک دەرفەت لەوێ بدۆزینەوە، چونکە ژاپۆن زۆر بە بەهێزی دەستی پێکرد. ئەوان زۆر داخراو و توند بوون. لە نیوەی دووەمدا بەسەریدا زاڵ بووین. هەندێک پاسمان گۆڕییەوە و باشترین ئاستی خۆمان پیشان دا. بۆیە بڕوام وایە و بێگومان بەرەوپێشچوونە. لە سەرەتادا زۆر هەوڵمان دا بۆ دۆزینەوەی هەندێک بۆشایی، بەڵام لە کۆتاییدا توانیمان ئەوە بکەین."
ئەنچێلۆتی زیاتر گوتی "لە راستیدا پێش مۆندیالیش ئەمەمان گوتبوو. مەبەستم ئەوەیە ئەم لایەنە هەیە، کە تۆپی پێ ئەم ساتانەی تێدایە و ناتوانیت بە تەواوی بڵێیت نابێت هەڵە بکەین، چونکە کەس بێ کەموکوڕی نییە. بەڵام پێویستە بەسەریاندا زاڵ بیت و بەرەو پێشەوە بڕۆیت. پێموایە تیپەکەش هەر ئەوەی کرد؛ وەک گوتم لە نیوەی دووەمدا زۆر بە باشی ئەوەیان کرد. بڕوامان وابوو کە نابێت یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتایی بێت، هەرگیز. کەس بیری لەوە نەدەکردەوە ئەم تیپە نەتوانێت لانی کەم گۆڵێک بکات و کردمان. بە خۆشحاڵییەوە توانیمان گۆڵی دووەمیش بکەین، ئەگەرنا کارەکە بۆ ئێمە زۆر ئاڵۆز دەبوو."
کارلۆ ئەنچێلۆتی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا دەڵێت " کاتێک دێتە سەر لایەنی دەروونی، زۆر گرنگە کە بزانیت دەبێت بەناو ئازاردا تێپەڕببیت، وایە؟ ئەمە ئاساییە و بەشێکە لە یارییەکە. هیچ شتێکی نوێی تێدا نییە، بەتایبەت لە تۆپی پێی سەردەمدا. ئازار چەشتن بەشێکە لە یارییەکە، هەروەک چۆن هەستکردن بە حەسانەوە بەشێکە لێی. من هەمیشە هەوڵ دەدەم ئەوە بەبیر خۆم بهێنمەوە، کە هەندێک جار دەبێت لێرە ئامادە بم، مەبەستم ئامادەبوونە لە کاتی شکستەکاندا."
ئەنچێلۆتی ستایشی ئاستبەرزیی ژاپۆن دەکات و گوتی "من متمانەم بە تیپەکەمان هەبوو. تیپەکەمان زۆر باش یاری کرد، تەنانەت تاوەکو کۆتایی نیوەی یەکەمیش، دواتر تووشی هەندێک کێشە بووین. دووبارە دەیڵێمەوە، ژاپۆن تیپێکی زۆر بەڕێز و خاوەن ناوبانگە. زۆر بە باشی رێکخراون. یارییەکەی خۆیان دەناسن. زۆر هەلی مەترسیدار دروست دەکەن و نزیک بوونەوە لە گۆڵ. لە رووی جەستەییەوە بەهێزن. بەڵام تیپەکەمان لەناو یاریگادا بوو و ون نەبووبووین."
لەبارەی ئەوەی بۆچی یاریی بە نەیمار نەکرد، کارلۆ گوتی "بیرمان لێ دەکردەوە. بەوبۆنەیەوە، دەمەوێت سوپاسی هەمووان بکەم کە لێرەن، چونکە چ لە بردنەوە یان دۆڕاندا بێت، راهێنەر هەمیشە کەسایەتییەکی گرنگە. بە نەیمارم گوت ئەگەر لە کاتێکی دیاریکراودا یارییەکە یەکسان نەبێتەوە، دەتهێنمە ناو یاریگا. بە کردەیی بیرم لەوە دەکردەوە بیهێنمە ناو یاریگا، بەڵام لە کۆتاییدا پێویستمان پێی نەبوو، هەرچەندە هەموو شتێک لەگەڵ ئەودا زۆر روون و ئاشکرا بوو."




