رووداو دیجیتاڵ
راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب، دڵخۆشیی خۆی بەسەرکەوتنی هەڵبژاردەکەی بۆ قۆناخی شانزەی مۆندیال دەربڕی، دووپاتیکردەوە ئامانجی ئەوان، نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە.
مەغریب پاش یەکسانبوون لەگەڵ هۆڵەندا بەگۆڵێک، لە لێدان یەکلاکەرەوەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پەڕییەوە بۆ قۆناخی شانزەی مۆندیال.
محەمەد وەهبی، راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب، دوای یارییەکە گوتی، "ئێستا مەغریب رێزی هەمووانی بەدەستهێناوە. ئەمەش نەک بەهۆی ئەوەی گوتوومانە، بەڵکو ئێستا بە کردەوە پێشانمان داوە. زۆر لایەنی ئەرێنی هەن؛ یاریزانە لاوەکان و یاریزانە بە ئەزموونەکان دەبینین؛ ئێمە لە هەموو ئاستە تەمەنییەکاندا تیپمان هەیە کە خاوەن کوالیتییەکی بەرزن".
وەهبی باسی لە ستایلی یارییکردنی هەڵبژاردەی هۆڵەندا کردووە، دەڵێ ئەوە شۆکی کردم کە هۆڵەندییەکان بەو شێوەیە پاشەکشەیان کرد، "بێگومان من راهێنەر یان رکابەری ئەوان نیم تاوەکو بڵێم چییان دەوێت یان چۆن یاری دەکەن، بەوپەڕی رێزەوە بۆ هەموو راهێنەرەکان، بەڵام ڕاستی ئەوەیە چاوەڕێم نەدەکرد ئەوەندە پاشەکشە بکەن بۆ بەرگری و بچنە دواوە، چونکە هۆڵەندا تیپێکە حەزی لە هێشتنەوەی تۆپە لای خۆی و دەزانێت چۆن یاری بە تۆپ بکات. ئەوان زۆر بەهێزن، بەڵام من بە رێزەوە سەیری دەکەم، بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی مەغریب لە چەند ساڵی رابردوودا، هیوادارم خودا یارمەتیمان بدات ئەم سەرکەوتنانە بەردەوام بن و کۆتایییان نەیەت".
وەهبی دووپاتیکردووەتەوە کە ئەوەی هەڵبژاردەکەی تاوەکو ئێستا بەدەستیهێناوە، بەرهەمی کاری هەمووان، ئاشکرایکردووە، ئامانجی مەغریب، بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالە.
راهێنەری مەغریب و یاریزانەکانیشی، بەتایبەت سوپاسی مەکسیکییەکانیانکرد، پاشئەوەی یەکەم یارییان لەسەر خاکی ئەو وڵاتە ئەنجامدا. راهێنەری مەغریب بەڵێنیداوە چاکەی مەکسیکییەکان بدەنەوە، "مۆندیالی داهاتوو لە مەغریب بەڕێوەدەچێت و گەلی مەغریب ئەو چاکەیە بۆ هاندەرانی مەکسیک دەگەڕێننەوە کە ئەمڕۆ بەرامبەر ئێمە کردیان".
هەڵبژاردەی مەغریب لە قۆناخی شانزەی مۆندیال بەرامبەر هەڵبژاردەی کەنەدا یارییدەکات.




