رووداو دیجیتاڵ
مارکواین مۆلین، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا دانیبەوەدانا، بەبۆنەی چوونە دەرەوەی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیال، ئاهەنگی گێڕاوە.
هەڵبژاردەی ئێران، یەکێک بوو لە تیپەکانی باشترین سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال، ئومێدی دەکرد ئەنجامی هەڵبژاردەکانی دیکە خزمەتی بکەن، تاوەکو لە پاڵەوانێتییەکە بەردەوام بێت، بەڵام یەکسانبوونی جەزائیر و نەمسا، بووە هۆی دەرکردنی ئەو هەڵبژاردەیە.
میدیای ئەمریکا لەزاری ئەو وەزیرە ئەمریکییەیان گواستووەتەوە، "زۆر دڵخۆشبووم بەوەی کۆتاییان هات، ئیدی ناگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەمان، بەڕاستی زۆر دڵخۆش بووم کاتێک توانیمان ڤیزاکانیان لێ بستێنین و پێمان راگەیاندن، دەبێ بەزووترین کات، خاکی ئەمریکا بەجێبهێڵن".
هەڵبژاردەی ئێران لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال، سێ یەکسانبوونی بەدەستهێنا، بەرامبەر هەڵبژاردەکانی بەلجیکا، میسر و نیوزیلاند و سێ خاڵی کۆکردبووەوە.
کۆلین دەڵێ، "لەخۆشیی دەرکردنی ئێران، دەستمکرد بەگۆرانی گوتن و دوو سێ گۆرانیم گوت، پاشان بەهەمان بۆنەوە، سەمام کرد".
مۆلین، وایداناوە حکومەتی ئەمریکا بۆیە رێگای بەزۆرینەی زۆری شاندی ئێران نەداوە بچنە نیو خاکەکەیەوە، چونکە سەر بە سوپای پاسداران بوون.
ئەو دەڵێ، زیاتر لە نیوەی ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەی ئێران ڤیزای ئەمریکایان نەدرایە، چونکە پەیوەندی راستەوخۆیان بە سوپای پاسدارانەوە هەبوو.
ئەمریکا، سوپای پاسدارانی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسێنێت. وەزیرە ئەمریکییەکە دەڵێ، 120 کەس وەک ئەندامی هەڵبژاردەی ئێران داوای ڤیزایانکردبوو، بەڵام تەنیا 53 کەسیان ڤیزایان پێدرا، چونکە ئەوانیدیکە سەر بەسوپای پاسداران بوون.
هەڵبژاردەی ئێران، دەبوو لە کاتی مۆندیالدا، کەمپی مەشقەکەی لەسەر خاکی ئەمریکا، لە ویلایەتی ئەریزۆنا بکاتەوە، بەڵام بەهۆی گرژی و ناکۆکییەوە، کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکە برایە تیخوانای مەکسیک.
لە کاتی ئەنجامدانی یارییەکانی هەڵبژاردەکە لەسەر خاکی ئەمریکا، شاندەکەی ئێران رۆژی یارییەکان گەشتی ئەمریکای دەکرد و پاش یارییەکەش، راستەوخۆ دەگەڕایەوە مەکسیک.




