رووداو دیجیتاڵ
بەرازیل دوای بردنەوەیەکی دراماتیکی بەرامبەر ژاپۆن، هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و خۆی گەیاندە قۆناخی 16ـی مۆندیال. سامبا سەرەتا بە گۆڵێک لە دواوە بوو، بەڵام کارلۆ ئەنچێلۆتی بە پلانێکی نوێ ئەنجامەکەی گۆڕی و بە گۆڵەکانی کاسێمیرۆ و گابریل مارتینێلی، یارییەکەی بە ئەنجامی 2-1 بردەوە.
بەرازیل شایستەی ئەم سەرکەوتنە بوو. ئەگەر سامبا لەم یارییەدا بدۆڕایە، خراپترین ئەنجامی لە دوای مۆندیالی 1966ـەوە تۆمار دەکرد. ئەمە دەبووە گورزێکی کوشندە بۆ ناوبانگی بەرازیل و بڕیاری دەستبەکاربوونی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی، چونکە یەکەمجارە راهێنەرێکی بیانی سەرکردایەتی ئەو هەڵبژاردەیە دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، راهێنەرە ئیتاڵییەکە جارێکی دیکە سەلماندی لە ساتە سەختەکاندا خاوەن بڕیاری دروستە.
لە گێمی یەکەمدا، ژاپۆن بە پلانێکی تۆکمە و شێوازی 5-4-1 رێگەی لە ڤینیسیۆس جۆنیۆر گرتبوو. کایشو سانۆ لە خولەکی 33 سوودی لە هەڵەیەکی دانیلۆ و بێهێزیی کاسێمیرۆ وەرگرت و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ژاپۆن تۆمارکرد. هێڵی بەرگری بەرازیل بەهۆی تەمەنی زۆرەوە، لە بەرامبەر خێرایی یاریزانانی ژاپۆن تووشی کێشە بوو.
ئەنچلۆتی لە گێمی دووەمدا گۆڕانکارییەکی گەورەی ئەنجامدا. ئەو راهێنەرە ئێندریکی هێنایە شوێنی لۆکاس پاکێتا و سیستمەکەی گۆڕی بۆ 4-2-4. ئەم هەنگاوە وایکرد یاریگەکە فراوانتر بێت، گوشارێکی زۆر بخاتە سەر بەرگری ژاپۆن و هەلی زیاتر دروستبکات. کاسێمیرۆ لە خولەکی 71 بە لێدانی سەر گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد.
لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا، گابریل مارتینێلی تەمەن 25 ساڵ، توانی گۆڵی سەرکەوتن تۆمار بکات. مارتینێلی لەم یارییەدا لە شوێنێکی جیاواز و لە دڵی هێڵی هێرشبەریدا یاریی کرد.
بەرازیل ئێستا چاوەڕێی یاریی نێوان نەرویج یان کۆت دیڤوار دەکات. کە لە پێنجی مانگی حەوت لە شاری نیویۆرک بەڕێوەدەچێت.




