رووداو دیجیتاڵ
بەیانی رۆژی سێشەممە، جیهان بینەری یارییەکی لووتکە دەبێت بۆ ئەوەی یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی قۆناخی 32 ببینن، کاتێک هۆڵەندا بەرامبەر مەغریب یاریی دەکات.
هۆڵەندا لە ریڤەرساید لە ویلایەتی میزوری دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا، کۆدی گاکبۆ، هێرشبەری هەڵبژاردەکە سەرەڕای ئەوەی هاوژینەکەی منداڵێکی لە دایک نەبووی لەدەستدا، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردەکە ماوەتەوە و بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی تیپەکەدا کرد و بۆ یارییەکە ئامادەیە و کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان هەردوو تیپ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
هۆڵەندا سەرەڕای ئەوەی بە یەکەمی کۆمەڵەی شەشەم سەرکەوتن بۆ ئەم قۆناخە، بەڵام بەرامبەر تیپێکی بەهێز یاریی دەکەن کە مەغریبە و ئەرکیان زەحمەتە بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
پرتەقاڵییەکان لە یاریی یەکەمیاندا بەرامبەر ژاپۆن یەکسانبوون، دوای ئەوە لە تونس و سوێدیان بردەوە، تیپەکە خاوەنی هێڵێکی هێرشبەریی بەهێزە و لە سێ یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا 10 گۆڵی تۆمارکردووە و یەکێک لە بەهێزترین هێڵی هێرشبەرەکانی مۆندیالە.
هۆڵەندا سێ یاریی بەرامبەر مەغریب کردووە، دوو یاریی دۆستانە و یەکێک لە مۆندیالی 1994، هەڵبژاردەکە دوو یاریی بردووەتەوە و لە یارییەکدا دۆڕاوە.
سەرجەم یاریزانەکانی رۆناڵد کۆمان بۆ ئەم یارییە ئامادەن و تیپەکە دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە مۆندیالدا بچێتە پێشەوە.
هەڵبژاردەی مەغریب، یەکێک لەو هەڵبژاردانەی چاوەڕوانیی زۆری لێدەکرێت، خۆی بۆ یارییەکەی بەرامبەر هۆڵەندا ئامادەکردووە و دەیەوێت لە سەرسامکردنی جیهان بەردەوامبێت.
هەڵبژاردەکە لە کۆمەڵەی بەرازیلدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لەگەڵ بەرازیل یەکسانبوو و لە هەردوو هەڵبژاردەی سکۆتلاند و هایتی بردەوە و 7 خاڵی لە کۆمەڵەکەدا کۆکردەوە.
مەغریب لە مۆندیالدا وەکو تیپێکی بەهێز دەرکەوتووە، شێوازی یارییکردنەکەی بۆ هەمووان بووەتە جێگەی سەرنج و چاوەڕواندەکرێت یارییەکەیان بەرامبەر هۆڵەندا یارییەکی لووتکە و سەرنجڕاکێش بێت.
هۆڵەندا لە شەش یاریی رابردوودا بەرامبەر هەڵبژاردەکانی کیشوەری ئەفریقا، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، مەغریب دەیەوێت ئەو تیپە بێت کە هەڵبژاردەکە تووشی دۆڕان دەکات و بگاتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
براوەی ئەم یارییە لە قۆناخی داهاتووی مۆندیالدا بەرامبەر هەڵبژاردەی کەنەدا یاریی دەکات، دوای ئەوەی تیپەکە لە ئەفریقای باشووری بردەوە و گەیشتە قۆناخی شازدە.




