رووداو دیجیتاڵ
چاوەکان لەسەر دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەبن بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی تیپەکە بکات بۆ گەیشتن بە قۆناخی شازدەی مۆندیال، کاتێک بەرامبەر هەڵبژاردەی پاراگوای یاریی دەکەن.
ئەڵمانیا لە وینستن سالم لە نۆرس کارۆلینا دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی سێیەمی قۆناخی 32ـی مۆندیال بەرامبەر پاراگوای ئەنجامدا و تیپەکەی نایگێلسمان ئامادەیە.
مانشافت لە یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، سەرکەوتنی بەرامبەر کوراساو و کۆتدیڤوار بەدەستهێنا و بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیکوادۆر دۆڕا. ئەمشەو کاژێر 23:30 بەرامبەر پاراگوای یاریی دەکات.
ئونداڤی کوردان، ئەستێرەی یەکەمی تیپەکەیە و لە سێ یارییەکەدا سێ گۆڵی تۆمارکردووە، ئێستا زۆرترین چاوی لەسەرە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی هێڵی پێشەوەی تیپەکە بکات لە گەیاندنی بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
نیکۆ شلۆتەربێک، بەرگریکاری ئەڵمانیا تووشی پێکانبووە و مۆندیال بۆ ئەو کۆتاییهاتووە، بەڵام یاریزانەکانی دیکەی تیپەکە بەتەواوی ئامادەن.
لە مۆندیالی 2002 ئەڵمانیا بەرامبەر پاراگوای یەکەم یاریی فەرمی ئەنجامدا و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لەو هەڵبژاردەیەی بردەوە، تیپەکەی ئێستای مانشافت دەیەوێت ئەو سیناریۆیە دووبارە بکاتەوە و بگاتە قۆناخی داهاتوو.
براوەی ئەم یارییە لە قۆناخی داهاتووی مۆندیالدا، بەرامبەر براوەی یاریی فەرەنسا و سوێد یاریی دەکات.
یولیان نایگێلسمان دەڵێت "پاراگوای تیپێکە کە زۆر باش بەرگری دەکەن. هەوڵدەدەن بە شێوەیەکی چڕ و کۆکراوە بمێننەوە، هەوڵی بەدەستهێنانی تۆپ دەدەن و لانی کەم لە کاتی خاوەندارێتی تۆپدا، کاتێک سەیری پێنج یان شەش یان حەوت یاری رابردوویان دەکەیت، دەبینی کە پلانێکی روونیان بۆ بونیادنانی هێرش هەیە. هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانی تۆپە دووەمەکان بجەنگن. کاتێک تۆپی دووەم دەبەنەوە، راستەوخۆ یاری پێ دەکەن. هەوڵدەدەن راستەوخۆ بەرەو قوڵایی یاریگا و بۆشاییەکان بیگوێزنەوە و پاشان دووبارە بۆ تۆپی دووەم دەجەنگنەوە. یاریزانی زۆر باشیان هەیە، کارێکی بەرگری زۆر باش دەکەن و یاریزانی جەستە بەهێزیان هەیە. بۆ یارییەکە پێویستمان بە ئاستێکی بێ کەموکوڕی و نایاب هەیە."




