رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بەرازیل دەچێتە نێو قۆناخێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی مۆندیالدا لە دووەم یاریی قۆناخی 32ـی پاڵەوانێتییەکەدا ئەرکێکی زەحمەتی دەبێت، کاتێک بەرامبەر هەڵبژاردەی ژاپۆن یاریی دەکات.
ئەمشەو کاژێر 20:00 سەرنجەکان لەسەر یاریگای هیوستن دەبن، بۆ یارییەکی سەرنجڕاکێش و پڕ لە رکابەری، بەرازیل و ژاپۆن رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال دەکەن.
دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بەشێوەی یەدەگ چەند خولەکێک بەشداریی لە یارییەکەدا کرد، نەیمار داسیلڤا، بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە و لە دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەکەشدا لە نیو جێرسی بە پابەندییەکی تەواو و دڵخۆشییەوە دەردەکەوێت.
بەرازیل لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا دوو یاریی بردەوە و لە یارییەکدا یەکسانبوو، وەکو یەکەمی کۆمەڵەی سێیەم خۆی گەیاندووەتە ئەم قۆناخەی مۆندیال.
بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە، رافینیا بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەڵام یاریزانەکانی دیکەی تیپەکە ئامادەن.
چاوەکان زیاتر لە ڤینیسیۆس جونیۆر دەبن، بەو پێیەی لە سێ یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا چوار گۆڵی تۆمارکردووە و لە هەرسێ یارییەکەدا گۆڵی تۆمارکرد و رۆڵی گەورەی بینی لە سەرکەوتنی تیپەکە بۆ قۆناخی 32ـی مۆندیال.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری بەرازیل پێش یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "بۆ یارییەکە، پێویستمان بە زۆر شت هەیە: ژیری، هەروەها دڵسۆزی، پێویستە مێشکمان روون بێت. دەبێت بۆ هەر ئەگەرێک کە لە یارییەکانی یەکلاکەرەوەدا روودەدات ئامادە بین. تیپەکە ئامادەیە، خاوەن پاڵنەرە و متمانەی بە خۆی هەیە. دوو یاری کۆتاییمان بە باشی رۆیشتن، بۆیە تیپەکە بۆ هەر شتێک کە رووبدات ئامادەیە. ئەم یارییە پێویستی بەوە هەیە. ئێمە بەرامبەر رکابەرێکی بەهێز یاری دەکەین، تیپێکی رێکخراو و خاوەن کوالیتی بەرز. بۆیە، لە سەروو هەموو شتێکەوە، دەبێت وێنەیەکی روونمان هەبێت کە دەمانەوێت لە ناو یاریگادا چی بکەین."
ئەنچێلۆتی باس لە ئامادەیی نەیمار بۆ یارییەکە دەکات و دەڵێت"نەیمار بەڕاستی بەرەوپێش دەچێت و لە گەشەکردندایە. پێموایە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا هەنگاوی گەورەی ناوە. جێی داخە کە نەیتوانی تەواوی ئەو کاتەی لەگەڵمان بوو مەشق و راهێنان بکات، بەڵام بێگومان دەتوانێت زیاتر لە 15 خولەک یاری بکات، ئەو لە بارودۆخێکی زۆر باشدایە. ئەمەش بە تەواوی بەستراوەتەوە بە کەشوهەوای یارییەکە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی رووداوەکان لە یارییەکەدا."
هەڵبژاردەی ژاپۆن لەبەردەم هەلێکی مێژووییدایە بۆ ئەوەی بە سوپرایزێک جیهان سەرسام بکات و بەرازیل لە مۆندیالی 2026 بکاتە دەرەوە.
هەڵبژاردەکە دوایین مەشقەکانی خۆی لە هیوستن ئەنجامدا و بۆ یاریی لووتکەی قۆناخی 32ـی مۆندیال بەرامبەر هەڵبژاردەی بەرازیل ئامادەیە و دەیەوێت رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال بکات.
ژاپۆن لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە یەکسانبوونی بەرامبەر هۆڵەندا دەستیپێکرد، دوای ئەوە سەرکەوتنی بەرامبەر تونس بەدەستهێنا و لەگەڵ سوێد یەکسانبوو، تیپەکە بەبێ هیچ دۆڕانێک خۆی گەیاندووەتە ئەم قۆناخەی مۆندیال.
لە یارییەکەی بەرامبەر بەرازیل تاکیفوسا کوبۆ، ئەستێرەی ژاپۆن زەحمەتە یاریی بکات، لەکاتێکدا تووشی پێکانبووە و لە دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەکەشدا بە تەنیا راهێنانی کردووە، هاجیمی موریاسۆی راهێنەری تیپەکەش چاوەڕێی دوایین راپۆرتی دەستەی پزیشکی تیپەکە دەکات لەبارەی پێکانی ئەو یاریزانەوە.
ژاپۆن یەکەم هەڵبژاردەبوو لەسەر ئاستی جیهان لە رێگەی پاڵاوتنەکانەوە گەیشتە مۆندیال و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
براوەی یاریی ژاپۆن و بەرازیل لە قۆناخی داهاتوودا بەرامبەر براوەی یاریی نێوان نەرویج و کۆتدیڤوار یاریی دەکات.
هاجیمی موریاسۆ، راهێنەری هەڵبژاردەی ژاپۆنە و پێش رووبەڕووبوونەوەی بەرازیل گوتی "رێزێکی زۆرمان بۆ بەڕازیل هەیە. لە هەمان کاتدا، هەلی رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی بەڕازیل بە تەواوی هێزییەوە لەسەر ئەم شانۆیەی مۆندیال، بایەخێکی بێوێنەی دەبێت بۆ یاریزانەکانمان و بۆ داهاتووی تۆپی پێی ژاپۆن. ئەرکی ئێمە ئەوەیە دڵنیا بین لەوەی یاریزانەکان لە باشترین بارودۆخی جەستەیی و دەروونیدان، بۆ ئەوەی بتوانن تواناکانی خۆیان نیشان بدەن و بێ دوودڵی رکابەری بکەن."
راهێنەری سامۆرای لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ئەوە شتێکی سروشتییە کە بەڕازیل وەک یەکێک لە باشترین تیپەکانی جیهان سەیر بکرێت، لە کاتێکدا هێشتا ژاپۆن لە هەمان ئاستدا نابینرێت. بەڵام ئێمە بەو ویست و ئامانجەوە هاتووینەتە ئەم مۆندیالە کە ببینە پاڵەوان، هەموو رۆژێک کار دەکەین بۆ کەمکردنەوەی ئەو جیاوازییەی هەمانە. رەنگە هەندێک کەس بەو ئامانجەمان پێبکەنن، بەڵام ئێمە زۆر سوورین لەسەری. بڕوام وایە کاتێک ژاپۆنییەکان ئامانجێکی روون بۆ خۆیان دادەنێن، دەتوانن بەدەستی بهێنن. هەر بۆیە بەشێک لەو قسانەی دەیکەین دەربارەی داهاتوو و ئەو شوێنەیە کە دەمانەوێت پێی بگەین."
هاجیمی بە رۆژنامەڤانانی گوت "لەو مۆندیالەدا، بەڕازیل یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکان بۆ بردنەوەی نازناوەکە، وەک چۆن لە هەموو پاڵەوانێتییەکدا وایە. رەنگە خەڵک بەو شێوەیە ستایشی ئێمە نەکەن، بەڵام ئێمە خۆمان وەک 'ئەسپە ڕەشەکە'ی رکابەر بۆ نازناوەکە دەبینین، ئەوەش ئەو عەقڵییەتەیە کە دەمانەوێت لەم یارییەدا هەمانبێت. رێزێکی زۆرمان بۆ بەڕازیل هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا بڕوامان وایە هەلی بردنەوەمان هەیە، رێک وەک ئەوەی ساڵی رابردوو کردمان. هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەدەستهێنانی شتێک کە بتوانێت جارێکی دیکە مێژوو بگۆڕێت."




