رووداو دیجیتاڵ
دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، گەڕایەوە بۆ کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکەی، پاشئەوەی بەهۆی دۆخێکی خێزانییەوە ناچاربوو ئەمریکا بەجێبهێڵێت.
دیشام کە لە دوو یاریی یەکەمی هەڵبژاردەی فەرەنسا، سەرپەرشتی یاریزانەکانی کرد، لە یاریی سێیەمدا لەگەڵیان نەبوو، پاشئەوەی بەهۆی کۆچی دوایی دایکییەوە، ناچاربوو بگەڕێتەوە فەرەنسا.
وێڕای ئامادەنەبوونی دیشام لە یاریی سێیەمی هەڵبژاردەکەدا، فەرەنسا هەرسێ یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکان بردەوە و 10 گۆڵی تۆمارکرد.
دیشام دوای گەڕانەوەی بۆ لای یاریزانەکانی، بەرلە یەکەی مەشقی هەڵبژاردەکە قسەی بۆ یاریزانەکانی کردووە و پیرۆزبایی سەرکەوتن بۆ قۆناخی دووەمی لێکردوون.
ئەو گوتوویەتی، "بەر لە هەر شت دەمەوێ پیرۆزبایی لە هەمووان بکەم، لەبەرئەوەی ئەوەی بەدەستمان هێناوە، بەهۆی ئێوەوەیە. پێشتر رووینەداوە سێ یاریی یەکەممان لە پاڵەوانێتییەکەدا ببەینەوە".
دیشام گوتوویەتی، یەکەم ئامانجمان بەدەستهێنا، سوپاس بۆ هەمووان، بەڵام دەزانن چی چاوەڕێمان دەکات.
زیاتر گوتوویەتی، "قۆناخی یەکەم تەواو بوو، ئێستا دەچینە پاڵەوانێتییەکی دیکەوە، هەمان پاڵەوانێتییە، بەڵام جیاوازە. هۆکارەکەش روونە، چونکە ئێستا گوشار لە هەموو یارییەکدا زۆر بەرزە و ئەوە نابێ ببێتە هۆکاری پشێوی بۆمان".
راهێنەری فەرەنسا لە قسەکانیدا بەیاریزانەکانی گوتووە، "متمانەی گەورەم پێتانە، دەستکەوتی ناوازەمان بەدەستهێنا، بێگومان هەندێک لایەن هەن دەبێ چاکیان بکەین، دەبێ وەبەرهێنان لە متمانەکەماندا بکەین، بەڵام زۆر گەورەی نەکەین".
لە کۆتاییشدا، دیشام گوتوویەتی، "بەرەوپێشدەچین، ئەمە کارێکی زۆر باشە، بەڵام هەرچەند بچینە پێشەوە، رکابەرەکانمان بەهێزتر دەبن. کەواتە با ئێستا بیر لە یارییەکەی سوێد بکەینەوە و سوپاستان دەکەم بۆ ئەوەی بەدەستمان هێناوە".
هەڵبژاردەی فەرەنسا لە قۆناخی 32ی مۆندیال رووبەڕووی هەڵبژاردەی سوێد دەبێتەوە. لە کاتێکدا ئەستێرەکانی وەک ئێمباپێ و دێمبێلێ، چاویان لە زیادکردنی ژمارەی گۆڵەکانیانە، دوای ئەوەی هەریەکەیان چوار گۆڵیان تۆمارکرد.




