رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل دووپاتیکردووەتەوە، تیپەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ژاپۆن لە قۆناخی 32ی مۆندیال ئامادەیە.
کاژێر 20:00 بەکاتی باشووری کوردستان، ئەمشەو بەرازیل رووبەڕووی ژاپۆن دەبێتەوە و یەکێک لەو دوو هەڵبژاردەیە، دەگاتە قۆناخی شانزەی مۆندیال.
ئەنچێلۆتی لەبارەی یارییەکەوە گوتوویەتی، "بۆ یارییەکە، پێویستمان بە زۆر شت هەیە: ژیری، هەروەها دڵسۆزی، پێویستە مێشکمان روون بێت. دەبێت بۆ هەر ئەگەرێک کە لە یارییەکانی یەکلاکەرەوەدا روودەدات ئامادە بین. تیپەکە ئامادەیە، خاوەن پاڵنەرە و متمانەی بە خۆی هەیە. دوو یاری کۆتاییمان بە باشی رۆیشتن، بۆیە تیپەکە بۆ هەر شتێک کە رووبدات ئامادەیە".
لەبارەی ستراتیجی مامەڵەکردنی هەڵبژاردەکەی لەگەڵ یارییەکە، راهێنەری بەرازیل دەڵێ، "ئەم یارییە پێویستی بەوە هەیە. ئێمە بەرامبەر رکابەرێکی بەهێز یاری دەکەین، تیپێکی رێکخراو و خاوەن کوالیتی بەرز. بۆیە، لە سەروو هەموو شتێکەوە، دەبێت وێنەیەکی روونمان هەبێت کە دەمانەوێت لە ناو یاریگادا چی بکەین".
کارلۆ ئەنچێلۆتی، هەروەها هەڵوەستەی لەسەرئاستی نەیماریش کردووە و دەڵێ، "نەیمار بەڕاستی بەرەوپێش دەچێت و لە گەشەکردندایە. پێموایە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا هەنگاوی گەورەی ناوە. جێی داخە کە نەیتوانی تەواوی ئەو کاتەی لەگەڵمان بوو مەشق و راهێنان بکات، بەڵام بێگومان دەتوانێت زیاتر لە 15 خولەک یاری بکات، ئەو لە بارودۆخێکی زۆر باشدایە. ئەمەش بە تەواوی بەستراوەتەوە بە کەشوهەوای یارییەکە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی رووداوەکان لە یارییەکەدا".
ئەنچێلۆتی دووپاتیدەکاتەوە کە سیلساو پێویستی بەوە هەیە بیری لای خۆی بێت، نەک رکابەرەکەی، "ئێمە باسی ئەوە ناکەین خەڵک چی دەڵێن. ئێمە بیرمان لای یارییەکەیە، لەسەر تواناکانی رکابەرەکەمان و ئامادەکارییەکی باش، ئامادەکاری بۆ ئەوەی چی بکەین بۆ ئەوەی کێشە بۆ بەرامبەر دروست بکەین و چی بکەین بۆ ئەوەی لە کێشەکان دوور بکەوینەوە".
هەڵبژاردەی بەرازیل لە مۆندیالی ئەمساڵ و لە قۆناخی کۆمەڵەکان، دوو بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەبوو و تیپەکە لە چەندین رووەوە گۆڕانکاری لەگەڵ ئەنچێلۆتیدا بەخۆوە بینیوە.




