رووداو دیجیتاڵ
رۆناڵدۆ نازاریۆی هێرشبەری پێشووی بەرازیلی، باسی لە رکابەرییەکانی مۆندیالی ئەمساڵ کردووە و دەڵێ، ئێمباپێ سەردەمی زێڕینی خۆمم بیردەخاتەوە. هەروەها باسی ئاستی هەڵبژاردەی بەرازیل و لیۆنێل مێسی کردووە.
رۆناڵدۆ لە چوار وەشانی مۆندیالدا بەشدارییکردووە و یەکێکە لە گۆڵکارە مێژووییەکانی پاڵەوانێتییە جیهانییەکە، ساڵانێکی بەرچاو گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال بوو بە 15 گۆڵ، بەرلەوەی لەلایەن میرۆسلاڤ کلۆزێوە ژمارەکەی بشکێنرێت.
دیاردە کە بەردەوام لە یاریگاکانی مۆندیالدا دەبینرێت و پشتگیری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەکات، لە نوێترین لێدواندا متمانەی تەواوی خۆی بە تواناکانی بەرازیل دووپاتکردووەتەوە.
رۆناڵدۆ دەڵێ، "متمانەیەکی گەورەم بە کاری ئەنچێلۆتی هەیە کە توانایەکی گەورەی لە ئارامکردنەوەی دۆخی ژووری جلگۆڕین و دەرهێنانی باشترین ئاست لە یاریزانان هەیە. ئەو بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو تێگەیشتنی بۆ تۆپی پێ هەیە، دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ گوشارەکاندا بکات".
ئەو هەروەها دەڵێ، "بۆ ئێستا هیچ راهێنەرێکی دیکە لە کارلۆ ئەنچێلۆتی باشتر نییە بۆ مەشقدانی بەرازیل".
رۆناڵدۆ کە تاوەکو ئێستا بەیەکێک لە دیارترین گۆڵکارانی مێژووی بەرازیل دادەنرێت، پشتگیریی خۆی بۆ بردنی نەیمار بۆ پێکهاتەی بەرازیل دووپاتکردەوە.
ئەو دەڵێ، "پشتگیریی بردنی ئەوم دەکرد لەبەر یەک هۆکار، چونکە نەیمار یاریزانێکی یەکلاکەرەوەیە، هیچ یاریزانێک لە پێکهاتەی ئێستای بەرازیلدا هێندەی نەیمار یەکلاکەرەوە نییە لە یارییەکاندا و کاتێک دەکرێ پشتی پێببەستین، بۆچی هەلەکە لەدەستبدەین و نەیبەین؟".
رۆناڵدۆ دەڵێ، "پزیشکەکانی رێگەیان بەوداوە یاریی بکات، دۆخی جەستەیی باشە و ئێستا ئیدی هەلی ئەوەی لەبەردەستدایە، هەموو ئەوانە بێدەنگ بکات، کە گومانیان لە تواناکانی هەیە".
لەبارەی شکاندنی ژمارەی مێژوویی گۆڵەکانییەوە لە مۆندیال، رۆناڵدۆ دەڵێ، هەموو ژمارەیەکی پێوانەیی بۆ ئەوە دروست بووە کە بشکێنرێت، بەڵام ئەوە میراتی هیچ یاریزانێکی تۆپی پێ ناشارێتەوە.
ئەو لەبارەی گۆڵەکانی مێسییەوە لە مۆندیالی ئەمساڵ و بوونی بەگۆڵکاری مێژوویی پاڵەوانێتییەکە بە 19 گۆڵ دەڵێ، "مێسی یەکێکە لە مەزنترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ، تاوەکو ئەمڕۆ کاریگەر و یەکلاکەرەوەیە، بەڵام ئێمباپێ جیاوازە، شێوازی یارییکردنی، باشترین کاتەکانی خۆمم لە یاریگادا بیر دەخاتەوە، ئەو یەکێکە لە مەزنترین یاریزانەکانی ئێستای تۆپی پێ، میراتگرێکی سرووشتیی ئەفسانە گەورەکانە".
لە ململانێی بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی ئەمساڵدا، رۆناڵدۆ پێیوایە هەریەکە لە فەرەنسا، ئیسپانیا و ئەرجەنتین بەهێزترینن بۆ رکابەرییەکە، بەلەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی ئەڵمانیا و ئەو پێیوایە ئەو هەڵبژاردانە، لە رکابەریدان لەگەڵ بەرازیل.
لەبارەی داهاتووی هەڵبژاردەی فەرەنساوە، رۆناڵدۆ دەڵێ، زینەدین زیدان وەک راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکە کە باسدەکرێت، من هەموو کات گوتوومە، "ئەو بەهرەی نموونەیی هەیە بۆ ئەو پۆستە. ئەو بەهرە و ئەزموون و زیرەکیی تاکتیکی و کەسایەتییەکی ناوازەی هەیە، ئەو لە مەشقدانی ریال مەدرید، هەموو ئەوانەی دووپاتکردەوە.
هەڵبژاردەی بەرازیل ئەمشەو کاژێر 20:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە قۆناخی 32ی مۆندیال، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ژاپۆن دەبێتەوە.




