رووداو دیجیتاڵ
میدیای نزیک لە یانەی بارسێلۆنا ئاشکرایانکردووە، رافینیای ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل، لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکە خۆی گۆشەگیرکردووە، لە کاتێکدا تووشی پێکانبووە و سەرچاوەکانیش باس لە بوونی کێشەی دارایی گەورە لە ژیانی ئەو یاریزانەدا دەکەنەوە.
پێشتر سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان رایانگەیاندبوو، رافینیا لە تەنگژەیەکی گەورەی داراییدا دەژی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی 80 لەسەدی قازانج و مافە داراییەکانی خۆی، بەدرێژایی کاروانی وەرزشی، بە باوکی داوە و باوکیشی لەماوەی رابردوودا، کەوتووەتە ناکۆکی قووڵەوە لەگەڵ هاوژینەکەی رافینیا.
سەرچاوەکان دەڵێن، ناکۆکی و کێشە لە نێوان هاوژینەکەی رافینیا و باوکی ئەو یاریزانەدا روویداوە، بەهۆی ئەوەوە باوکی رافینیا پێدانی پارەی بەکوڕەکەی و هاوژینەکەی راگرتووە و لە ئەنجامدا، رافینیا دووچاری کێشەیەکی گەورەی دارایی و بێپارەیی بووەتەوە.
رۆژنامەی 'سپۆرت' کە لە یانەی بارسێلۆناوە نزیکە و ئەو یاریزانە بەرازیلییە یاریی بۆ دەکات، ئاشکرایکردووە رافینیا لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی بەرازیل، لەپێناو سەرنجدانە سەر چاکبوونەوە لە پێکانەکەی، خۆی دابڕیوە و لەگەڵ هەڵبژاردەکە، گەشتی شاری هیوستنی نەکردووە، لە کاتێکدا بەرازیل لە قۆناخی سی و دووی مۆندیال لەو شارە، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ژاپۆن دەبێتەوە.
رافینیا لە یاریی نێوان هایتی و بەرازیل، کە بەسەرکەوتنی سامبا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر کۆتایی هات، دووچاری دڕانی ماسوولکەی دووسەرەی رانی راستی بوو.
پشکنینەکانی تیمی پزیشکیی هەڵبژاردەی بەرازیل لە سەنتەری پزیشکیی نیوجێرسی، دەریانخست کە پێکانەکەی رافینیا لە هەمان ئەو ماسوولکەیەدایە کە مانگی سێی رابردوو پێکرابوو و بەهۆیەوە ئەو یاریزانە بۆ ماوەی پێنج هەفتە بەشداریی لە هیچ یارییەکدا نەکرد.
پزیشکانی هەڵبژاردەی بەرازیل دەڵێن، رافینیا لانیکەم پێویستی بە دوورکەوتنەوە لە یارییکردن بۆ دوو یاریی دیکە هەیە و ئەگەر هەڵبژاردەکە، بگاتە قۆناخی شانزەی مۆندیال، ئەگەر هەیە رافینیا بتوانێت چەند خولەکێک یاریی بکات.
'سپۆرت' زیاتر دەڵێ، "ئێستا ئەو یاریزانە تەنیا بیر لە چاکبوونەوە لە پێکانەکەی دەکاتەوە، بەوردی کاردەکات بۆ چاکبوونەوە و رۆژانە سێ یەکەمی مەشقی ئەنجامدەدات لە کەمپەکەی بەرازیل لە نیوجێرسی".
هەروەها دەڵێ، "رافینیا واز لە رۆتینی رۆژانەی خۆی ناهێنێت، بەڵکو دەیەوێت زۆرترین کات بیرکردنەوەی لای چاکبوونەوە بێت".
رۆژنامەکە ئەوەشی زیادکردووە، رافینیا بەتەواوی خۆی لەو هەرا میدیاییە بەدوورگرتووە کە لە چواردەوری ئەو دروستکراوە، لەبارەی بوونی ناکۆکی خێزانی و کێشەی دارایی، لە کاتێکدا ناتالیای هاوژینی، ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆخستووەتەوە.
رافینیا بەپێی هەندێک سەرچاوەی میدیایی، دەیەوێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی، روو لە سعودیە بکات، بەتایبەت کە یانەی هیلالی سعودی، ئامادەیە ئەو یاریزانە بە 80 ملیۆن یۆرۆ لە بارسێلۆنا بکڕێتەوە.




