رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەڵێت، یارییەکەمان بەرامبەر کابۆ ڤێردێ ئاسان نابێت و مێسی دەیتوانی 90 خولەک یاریی بکات.
دوای بردنەوەیان لە هەڵبژاردەی ئوردن و بەدەستهێنانی سێیەم سەرکەوتنی لەسەریەک، لیۆنێل سکالۆنی قسەی بۆ رۆژنامەڤان کرد و لەبارەی مێسییەوە گوتی "منیش هەمان ئەو شتە دەبینم کە ئێوە دەیبینن؛ ئەمە هەموو جارێک بارودۆخێکی کەمێک ناڕەحەتە بۆ من کاتێک ئەو پرسیارەم لێ دەکرێت، چونکە نازنام چی دیکە بڵێم. تەنیا شتێک کە بتوانم زیادی بکەم ئەوەیە کە ئەو دەیتوانی ئەمڕۆ تەواوی 90 خولەکەکە یاری بکات و، بەبێ ئەوەی هیچ لە بەهای رکابەرەکە کەم بکەمەوە، دەیتوانی پێگە ئەفسانەییەکەی خۆی بەهێزتر بکات، بەڵام ئەو پێی باش بوو دەرفەتی یاریکردن بە هاوڕێکانی بدات؛ هەروەها پێی باش بوو بیر لەوە بکاتەوە کە لە داهاتوودا چیمان لە پێشە، ئەمەش مانای گەورە دەبەخشێت، چونکە ئەو بیر لەو ئامارانە ناکاتەوە کە خەڵک ئەوەندە باسی دەکەن."
راهێنەری تانگۆ زیاتر لەو بارەیەوە گوتی "دڵخۆشم کە مێسی بڕیارێکی وای دا؛ کاتێک قسەم لەگەڵی کرد، گوتی ئەوە باشترین رێگەچارەیە، منیش هاوڕا بووم. پێموایە ئەمە زۆر شت دەڵێت دەربارەی ئەوەی کە هەڵبژاردەی نیشتمانی ئەرجەنتین، تیپەکە و هاوڕێکانی چی دەگەیەنن بۆ ئەو، ئەمەش بەڕاستی نایابە. دوای هەموو ئەمانە، منیش هەست دەکەم هەر وەک ئێوەم؛ ناڵێم سەرسامم، بەڵام بە سادەیی هیچ وشەیەکی دیکە نەماوە بۆ ستایشکردنی ئەو."
لە بارەی یارییکردنیان بەرامبەر کابۆ ڤێردێ لە قۆناخی داهاتوودا، سکالۆنی دەڵێت "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وەک تیپێک لێیانم بینی، سەرسام نەبووم. ئەوان تیپێکی باشن و ژیانیان بۆ هەر سێ رکابەرەکەیان قورس کرد کە رووبەڕوویان بوونەتەوە. یارییەکەی ئەوانم بەرامبەر ئیسپانیا راستەوخۆ لە تەلەفزیۆن بینی. بەرامبەر ئۆرۆگوای، نیوەی یەکەمم بینی؛ بیرم نییە لە نیوەی دووەمدا دەبووایە بڕۆین. ئەو کاتە مەشقمان هەبوو. ئەوان رکابەرێکی سەختن. هیچ سوودێکی نییە لێرە بوەستم و بڵێم رکابەرێکی سەخت نین، چونکە ئەوە درۆ دەبێت؛ ئەوان رکابەرێکی سەختن و ژیانمان بۆ قورس دەکەن، چونکە پێشتر ژیانیان بۆ ئیسپانیا قورس کردووە کە یەکێکە لە پاڵێوراوەکان بۆ نازناوەکە. هەرچەندە ئیسپانیا شایستەی بردنەوە بوو، بەڵام نەیانتوانی؛ نە ئۆرۆگوای و نە سعودیەش نەیانتوانی بیانبەنەوە. لە سەرووی هەمووشیانەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەم جامی جیهانییەدا دەیبینین، دەبێت وریابین. ئەوان تیپێکی باشن، خێران، بە جوانی یاری دەکەن و کوالێتییان بەرزە. رەنگە بۆ زۆر کەس وا نەبێت، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئەوان تیپێکی باشن و کارەکەمان بۆ قورس دەکەن."
ئەرجەنتین بەرەبەیانی رۆژی شەممە کاژێر 01:00 بەرامبەر کابۆ ڤێردێ یاریی دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.




