رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، ئاشکرایکردووە لیۆنێل مێسی قوربانیداوە بۆ هاوڕێکانی لە هەڵبژاردەکە، لەپێناو بەشداریکردن لە یارییەکەی ئوردن، لەبری ئەوەی بەدوای زیادکردنی ژمارە کەسییەکانی خۆیدا بگەڕێت.
ئەرجەنتین لە دوایین یاریی خۆیدا لە قۆناخی کۆمەڵەکان، بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئوردنی بردەوە و مێسی دوایین گۆڵی هەڵبژاردەکەی لە یارییەکەدا، لە رێگای لێدانێکی راستەوخۆوە تۆمارکرد.
سکالۆنی لە دوای یارییەکە گوتوویەتی، هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی هەرسێ یارییەکەی هەڵبژاردەکە پۆزەتیڤە، بەتایبەت کە هەموو یاریزانە بانگهێشتکراوەکان بەشدارییان لە یارییەکاندا کردووە.
سکالۆنی رەزامەندی خۆی لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکەی پێشانداوە، دووپاتیکردووەتەوە سەرجەم یاریزانان، ئەوەی لەسەرشانیان بووە، جێبەجێیان کردووە.
راهێنەری ئەرجەنتین دووپاتیدەکاتەوە کە دەبێ تیپەکەی لەپێشاندانی هەمان ئاست بەردەوام بێت، بەتایبەت کە یاریزانەکان، رۆحیەتی رکابەری لەنێوانیاندا بەهێزە.
لیۆنێل، لەبارەی لیۆنێلەوە دەڵێ، "وای لێهاتووە قسەکردن لەبارەی مێسییەوە رووگیرم دەکات. چونکە نازانم چی بڵێم و وشە نەماوە بۆ باسکردنی. ئەو دەیتوانی نەوەت خولەک یاریی بکات و ژمارە پێوانەییەکانی بەهێزتر بکات، بەڵام پێیباشبوو ماوە بداتە هاوتیپەکانی بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا بەشداری بکەن. ئەو بیر لە ژمارەکانی خۆی ناکاتەوە، لەگەڵیدا قسەمکرد و رێکەوتین لەسەرئەوەی لە گێمی دووەمدا بەشداری بکات، ئەرکەکەشی بەوپەڕی لێهاتووییەوە جێبەجێکرد".
مێسی تاوەکو ئێستا، شەش گۆڵی لە مۆندیالی ئەمساڵدا تۆماکردووە و پێشەنگی گۆڵکارانی پاڵەوانێتییەکەیە، لە کاتێکدا بووەتە خاوەنی 19 گۆڵ لەسەرجەم بەشدارییەکانی لە مۆندیال، کە ژمارەی پێوانەییە.
سکالۆنی باسی ئەوەی کردووە، کە سەرجەم هێرشبەرانی هەڵبژاردەکە لاوتارۆ و ئەلڤارێز و لوسێلسۆ ئەوپەڕی توانای خۆیان پێشانداوە و باشترین ئاستیان پێشکەشکردووە. دووتیدەکاتەوە لە یارییەکانی داهاتوودا چاویان لە پاراستنی زیاتری هاوسەنگیی نێوان هێڵەکانی تیپەکە دەبێت.
ئەرجەنتین لە قۆناخی داهاتووی مۆندیال، رۆژی شەممەی داهاتوو، رووبەڕووی کابۆ ڤێردی دەبێتەوە.




