رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین سێیەم یاریی لەسەریەکی لە مۆندیالدا بردەوە و بە خاڵی تەواوەوە گەیشتە قۆناخی داهاتوو و لیۆنێل مێسیش گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد.
لە سێیەم یارییدا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، ئەرجەنتین بەرامبەر ئوردن یارییکرد و یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و سێ خاڵی دیکەی بەدەستهێنا.
پاڵەوانی جیهان لە نیوەی یەکەمدا بەبێ لیۆنێل مێسی یارییکرد، بەڵام بە ئاستێکی باشەوە دەرکەوت و لە خولەکی 19 جیۆڤانی لۆ سێلسۆ گۆڵێکی جوانی بەشێوەی راستەوخۆ تۆمارکرد.
لە خولەکی 31 لاوتارۆ مارتینێز بەلێدانی سزا گۆڵی دووەمی بۆ هەڵبژاردەکە تۆمارکرد نیوەی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی تانگۆ کۆتاییهات.
لە خولەکی 55 موسا تەعمەری گۆڵێکی مێژوویی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ ئوردن کەمکردەوە.
لە خولەکی 60 لیۆنێل مێسی، بەشێوەی یەدەگ بەشداریی لە یارییەکەدا کرد و گۆڵێکی دیکەی بەشێوەی راستەوخۆ بۆ هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد.
ئەرجەنتین یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و سێیەم بردنەوەی لەسەریەکی لە مۆندیالدا تۆمارکرد و بە خاڵی تەواوەوە گەیشتە قۆناخی 32.
لە قۆناخی داهاتوودا ئەرجەنتین بەرامبەر کابۆ ڤێردێ یاریی دەکات.
مێسی ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 6 گۆڵ لە سێ یارییدا و پێشەنگی گۆڵکارانی مۆندیالی گرتووە.
لیۆ ئێستا خاوەنی 19 گۆڵە و گۆڵکاری مێژوویی مۆندیالە.
مێسی یەکەم یاریزانە 6 گۆڵی لە مۆندیالدا لە دەرەوەی ناوچەی سزا تۆمارکردبێت.



