رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە یارییەکانی کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی جیهانی 2026، هەردوو هەڵبژاردەی پۆرتوگال و کۆڵۆمبیا رووبەڕووی یەکبوونەوە و یارییەکەش بە یەکسانبوونی و بێ گۆڵ کۆتاییهات.
یارییەکە ململانێیەکی تووندی هێرشبەری بەخۆوە بینی، بەڵام درەوشانەوەی دیێۆگۆ کۆستا، گۆڵپارێزی پۆرتوگال و ڤارگاس، گۆڵپارێزی کۆڵۆمبیا، رێگر بوو لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵەکان.
لە خولەکی 39دا، پۆرتوگال نزیک بوو لە تۆمارکردنی گۆڵی پێشکەوتن، بەڵام ڤارگاسی گۆڵپارێز بە لێهاتووییەوە بەرپەرچی شوتە بەهێزەکەی برۆنۆ فێرناندێزی دایەوە. تەنیا 4 خولەک دواتر، جواو فێلیکس هەلێکی زێڕینی بۆ رەخسا، بەڵام تۆپەکەی بەسەر ستوونی گۆڵ رۆیشت.
لەلایەکی دیکەوە، خامیس رۆدریگێز بە شوتێکی بەهێز تاقیکردنەوەی بۆ دیێۆگۆ کۆستا کرد، بەڵام گۆڵپارێزە پۆرتوگالییەکە ئامادە بوو و گێمی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 66، دیێۆگۆ کۆستا جارێکی دیکە پۆرتوگالی لە گۆڵێکی مسۆگەر رزگار کرد کاتێک بەرپەرچی لێدانەکەی جۆن ئاریاسی دایەوە. دراماتیکیترین ساتەکانی یارییەکە لە خولەکی (1+90)دا بوو، کاتێک داڤینسۆن سانچێز گۆڵێکی کوشندەی بۆ کۆڵۆمبیا تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان بەهۆی ئۆفسایدەوە گۆڵەکەی رەتکردەوە.
بەو ئەنجامە، کۆڵۆمبیا کۆی خاڵەکانی گەیاندە 7 خاڵ و وەک پێشەنگی کۆمەڵەی 11 سەرکەوت، کە لە قۆناخی 32دا رووبەڕووی هەڵبژاردەی گانا دەبێتەوە.
پۆرتوگالیش بە 5 خاڵ و وەک هاوەڵی کۆمەڵەکە سەرکەوت، لە قۆناخی داهاتوودا تاقیکردنەوەیەکی سەختی لەپێشە و رووبەڕووی کرواتیا دەبێتەوە. ئەگەر پۆرتوگال سەرکەوتوو بێت لە تێپەڕاندنی کرواتیا، ئەوا ئەگەری هەیە لە قۆناخی 16دا رووبەڕووی ئیسپانیا ببێتەوە، ئەگەر 'ماتادۆرەکان'یش بگەنە ئەو قۆناخە.



