رووداو دیجیتاڵ
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، باس لە هۆکاری کرانە دەرەوەیان لە مۆندیالدا دەکات و دەڵێت "زۆرینەی گۆڵەکانمان بەهۆی هەڵەی تاکەکەسییەوە لێکرا".
ئارنۆڵد لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە و ماڵئاوایی عێراق لە مۆندیالدا گوتی "دیارە لە رووی دەروونییەوە بۆ یاریزانەکان زۆر سەخت بوو کەوا لە سەرەتای یارییەکەدا کارتی سووریان وەرگرت. دەزانیت ئێمە بەرامبەر سەنیگال یارییمان دەکرد کە لە ریزبەندی 12 یان 13ی جیهاندایە، کاتێک ئەو جۆرە هەڵانە دەکەیت سزا دەدرێیت. وەک چۆن بە یاریزانەکانیشم گوت، لە کۆی ئەو 12 گۆڵەی لەم مۆندیالەدا لێمان تۆمارکرا، 9یان هەڵەی تاکەکەسی بوون؛ نەک ئەوەی رکابەرەکە دروستی کردبێت یان بەهۆی لێهاتوویی ئەوانەوە بووبێت."
راهێنەری عێراق دەڵێت "کارتە سوورەکەی سەرەتای یارییەکە، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تیپەکە دروستکرد و بووە هۆکاری ئەوەی ئاستی تیپەکە زۆر دابەزێت".
گراهام ئارنۆڵد، زیاتر قسەیکرد و گوتی "لە نیوەی دووەمدا، وا هەستم کرد یاریزانەکان توانای جەستەییان نەما و ماندوو بوون، بەڵام من هەندێک گۆڕانکاریم کرد کە رەنگە نەمدەکردبان ئەگەر بە ئەنجامی 2-0 یان 3-0 بووایە؛ ئەمەش لەبەر ئەوە بوو کە ئەم کوڕانە ماندووبوونێکی زۆریان کێشا بۆ گەیشتن بە مۆندیال، ویستم هەمووان چەند خولەکێک یاری بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بڵێن نوێنەرایەتی عێراقیان کردووە لە مۆندیالدا. بۆیە من بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارە هەڵدەگرم."
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی زەحمەتیی یارییەکانی عێراق لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا گوتی "ئێمە لە کۆمەڵەیەکی زۆر زۆر سەختدا بووین و لە رۆژی یەکەمەوە گوتم سەنیگال پاڵەوانی ئێستای ئەفریقایە، بێگومان فەرەنسا و نەرویجیش. پێویستە هەمووان لە عێراق شانازی بەوەوە بکەن کە گەیشتینە ئێرە. ئێمە لە دوو یاری لە کۆی سێ یارییەکەدا زۆر باش یاریمان کرد، سەبارەت بەم یارییەش، هەمووی بەهۆی کارتی سوورەکەوە بوو کە باجێکی قورسمان دا و بەو شێوەیە زیانی پێ گەیاندین."
هەڵبژاردەی عێراق هەرسێ یارییەکەی قۆناخی کۆمەڵەکانی لە مۆندیالدا بەرامبەر نەرویج، فەرەنسا و سەنیگال دۆڕاند و دوای ئەوەی 12 گۆڵی لێکرا ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.




