رووداو دیجیتاڵ
مەهدی تارمی، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئێران، هێرشێکی تووندی کردە سەر فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ بەهۆی ئەو بەربەست و گوشارانەی بەرامبەر هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە مۆندیالی2026ـدا دەکرێت.
ئەم لێدوانانە دوای یەکسانبوونی ئێران بەرامبەر میسر بەئەنجامی 1-1 لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا هات. ئێستا هەڵبژاردەی ئێران چاوەڕێی دیاریکردنی چارەنووسی دەکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا وەک یەکێک لە باشترین پلەکانی سێیەم سەردەکەوێت بۆ قۆناخی داهاتوو یان نا.
تارمی لە لێدوانێکیدا کە رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت "ئەوان دەیانەوێت ئێمە لە جامی جیهانی دەربکەن. ئەمە مۆندیالێکی کارەساتبارە. کێ دەیەوێت یارمەتیمان بدات؟.. کەس یارمەتیمان نادات. هیچ کەس".
هەروەها گوتیشی "کێ دەبێت ئەم کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکات؟ کێ؟ فیفا؟ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، لە یەکەم یاری بەرامبەر نیوزیلاند هاتە ناو ژووری جلگۆڕین و گوتی کە هەموو کێشەکان چارەسەر دەکەن، بەڵام لەڕاستیدا فیفا هیچی نەکردووە. لێرەدا ئێمە دەبێت دژی هەموو شتێک بجەنگین".
هەڵبژاردەی ئێران قۆناخی یەکەمی لە پلەی سێیەمی کۆمەڵەی حەوتەم بە کۆکردنەوەی 3 خاڵ کۆتایی پێهێنا، لە دوای هەریەکە لە بەلجیکا و میسر کە 5 خاڵیان کۆکردبووەوە.




