رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و پۆرتوگال، دوایین یارییان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ئەنجامدەدەن و دەیانەوێت باشترین رێگە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو هەڵبژێرن.
لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکان و لە کۆمەڵەی یازدەیەم، هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە کاژێر 02:30 بەرامبەر کۆڵۆمبیا یاریی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر یەکلاکردنەوەی ریزبەندی کۆمەڵەکە و یەکلاکردنەوەی رێگەی خۆیان لە قۆناخی داهاتوودا.
پۆرتوگال بە سەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە یاریی رابردوودا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و بە ئەنجامێکی گەورە بە 5-0 لە ئۆزبەکستانی بردەوە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کرد، ئێستا رکابەرییەکە بۆ یەکلاکردنەوەی پلەی یەکەمی ریزبەندە.
رۆناڵدۆ لەو یارییەدا دوو گۆڵی تۆمارکرد، بووە یەکەم یاریزان لە مێژوودا لە شەش مۆندیالدا گۆڵ بکات، بووە گۆڵکاری مێژوویی وڵاتەکە لە مۆندیالدا و دەیەوێت سەرکردایەتیی تیپەکە بکات بۆ ئەوەی تاوەکو قۆناخی دوو بڕوات.
پۆرتوگال لە مەیامی دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و سەرجەم یاریزانەکانی تیپەکە بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی یارییەکە ئامادەن.
پۆرتوگال بە یەکسانبوونێک و بردنەوەیەک لە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە و پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی بە یەکەم سەربکەوێت، کە ئەگەر بە یەک سەربکەوێت دەچێتە رێڕەوی ئەرجەنتین لە قۆناخی داهاتوودا و ئەگەر هەردووکیان سەربکەون لە قۆناخی پێشکۆتاییدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا، بەهێزەوە لە مۆندیالدا دەردەکەوێت و دەیەوێت رێگەکەی بەرەو قۆناخی داهاتوو بەبردنەوەیەکی دیکە تەواو بکات و سەرکەوتن بەرامبەر پۆرتوگال بەدەستبهێنێت.
رۆژی هەینی هەڵبژاردەکە بە سەرکردایەتی خامێس رۆدریگێز، دوایین یاریی خۆی لە یاریگای پێشتری ئینتەرمەیامی ئەنجامدا و تیپەکە ئامادەیە بۆ یارییەکی لووتکە لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال.
کۆڵۆمبیا لە دوو یاریی رابردوودا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و هەردوو یارییەکەی لە ئۆزبەکستان و کۆنگۆ بردووەتەوە، ئێستا تیپەکە لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی یازدەیەمە و دەیەوێت وەکو یەکەمی کۆمەڵەکە بگاتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
لا تریکۆلۆر پێکهاتەیەکی بەهێزی هەیە، لە یارییەکەدا دوو هاوڕێی پێشوو لە ریال مەدرید، کە خامێس رۆدریگێز و کریستیانۆ رۆناڵدۆن جارێکی دیکە بەیەک دەگەنەوە، بەڵام ئەمجارە وەکو رکابەر.




