رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە یانەیەک، توانییان گرێبەست لەگەڵ یاریزانانی بەشدار لە مۆندیالی ئەمساڵ، لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان بکەن، پرسیار ئەوەیە چۆن ئەو یانانە دەتوانن ئەو کارە بکەن، لە کاتێکدا یاریزانان لە کەشێکی دابڕاوی دوورە دەستدان و راهێنەرەکانیان، رێوشوێنی تووندیان لەگەڵدا دەگرنە بەر.
رێوشوێنەکانی گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانانی دیار، لە کاتی مۆندیالدا پێویستی بەپرۆسەی ئاڵۆزی پشتی پەردە هەیە، بۆ خۆپاراستن لە پەرتبوونی بیرکردنەوەی هەر یاریزانێک، لە کاتی یارییەکانی مۆندیال.
بەرپرسانی گواستنەوە لە یانەکان دووپاتیدەکەنەوە کە، گرێبەستە گەورەکان کە لەکاتی پاڵەوانێتییە گەورەکاندا ئەنجامدەدرێن، وەکئەوەی تۆتێنهام لەگەڵ ڤان هیکە لە برایتۆن کردی بەرامبەر 52 ملیۆن یۆرۆ، هەروەها گواستنەوەی ڤیکتۆر مونیۆز بۆ لیڤەرپوول و کوکورێیا بۆ ریال مەدرید، پشتبە کاری چەند مانگ پێشتر دەبەستێت.
گەورەترین رێگر لەبەردەم ئەنجامدانی گرێبەست لە کاتی پاڵەوانێتییە گەورەکان، پشکنینی پزیشکییە، چونکە ئەوە کارێکە هەڵبژاردەکان رێگای پێنادەن، هەربۆیە یانەکان پەنا دەبەنە بەر ناردنی تیمی پزیشکیی خۆیان بۆ ناوچەی نزیک لە کەمپی هەڵبژاردەکان، یان تیمی پزیشکیی تایبەتمەند و متمانەپێکراو بەکرێدەگرن، بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە.
بۆ پشکنینی ڤیکتۆر مۆنیوز، دوای ئەوەی لیڤەرپوول مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کاراکرد کە 40 ملیۆن یۆرۆ بوو، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا رێگای بەتیمی پزیشکیی یانەی لیڤەرپوولدا بچنە تینیسی و لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکە، پشکنین بۆ یاریزانەکە بکەن.
هەمان شت بۆ کوکورێیا ئەنجامدرا، پاشئەوەی ریال مەدرید گرێبەستەکەی بە 60 ملیۆن یۆرۆ ئەنجامدا و لەماوەی 48 کاژێردا پشکنینی پزیشکیی بۆ کرا.
هەرچی یان بۆل ڤان هیکە، دوای رێکەوتنی نێوان تۆتێنهام و برایتۆن، لە دوای یاریی یەکەمی هۆڵەندا لە مۆندیال، تۆتێنهام تیمی پزیشکیی خۆیان ناردە کانساس بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ئەو یاریزانە، بەبێئەوەی خشتەی مەشقەکانی هۆڵەندا پەک بخات.
وا بڕیارە گۆنچالۆ رامۆسی یاریزانی پاریس سانجێرمانیش، بەهەمان شێوە لە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی پۆرتوگال پشکنینی پزیشکیی ئەنجام بدات، پاشئەوەی یانەی میلان گرێبەستی لەگەڵدا کرد.
هەندێک لە راهێنەرانی هەڵبژاردەکان، سنووری تووند و رێوشوێنی بەهێزیان گرتووەتە بەر بۆ رێگریکردن لە باسوخواس و کاری گواستنەوەکان.
تۆماس توخێل یەکێکە لەو راهێنەرانە و بەتووندی لە دژی هەر جموجوڵێکی پەیوەست بەگواستنەوەی یاریزانانی هەڵبژاردەکەی دەوەستێتەوە.
توخێل هەموو چالاکییەکی فەرمیی گواستنەوەکان و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکان لە رۆژانی یارییەکانی هەڵبژاردەکەیدا قەدەخە کردووە. رێگا نادات هیچ یاریزانێک قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکەی بکات لەو رۆژانەدا.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە گوتوویەتی، ئەگەر کارەکان بەئارامی و کاریگەرانە ئەنجام بدرێن، ئێمە دڵخۆش دەبین و وا باشترە روونیی و ئاشکرایی لە کاری پەیوەست بەهەر یاریزانێکدا هەبێت، چونکە ئێمە رێگرنابین لە هەر یاریزانێک کە بیەوێت یانەکەی بگۆڕێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئیلیۆت ئاندرسن، دوای چەند هەفتەیەک لە دانوستاندن لە نێوان مانچێستەر سیتی و نوێنەرەکانی ئەو یاریزانە، توخێل رێگەیدا پشکنینی پزیشکی لە نیویۆرک بۆ بکرێت.



