رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی میسر، بە سەرکردایەتیی محەممەد سەڵاح لەبەردەم هەلێکی مێژوویی و گەورەدایە بۆ ئەوەی دوای 92 ساڵ جارێکی دیکە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال ببڕێت و بگاتە قۆناخی دووەمی مۆندیال.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، کاژێر 06:00 میسر بەرامبەر ئێران یاریی دەکات، هەڵبژاردەکە خاوەنی چوار خاڵە، بەبردنەوەیەک و یەکسانبوونێک سەرەتایەکی باشی هەبووە و تیپەکە نزیکە لەوەی بگاتە قۆناخی دووەمی مۆندیال، بەتایبەت کە تیپەکە لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەی حەوتەمە.
محەممەد سەڵاح، لە دوایین ساڵەکانی یارییکردنیدایە بۆ هەڵبژاردەکە، پێویستی بە گۆڵێکە بۆ ئەوەی ریکۆردی تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ بۆ هەڵبژاردەکە لەگەڵ حوسام حەسەن، راهێنەری ئێستای تیپەکە یەکسان بکاتەوە و ببێتە گۆڵکاری مێژوویی تیپەکە.
میسر لە 1934 بۆ یەکەمجار گەیشتە قۆناخی شازدەی مۆندیال، لەو کاتەوە تیپەکە نەیتوانیووە قۆناخی کۆمەڵەکان ببڕێت، بەبردنەوە و یەکسانبوون لە یارییەکەی بەرامبەر ئێران تیپەکە دەتوانێت بگاتە قۆناخی داهاتوو.
ئەگەر میسر بە یەکەم سەربکەوێت، هەڵبژاردەکە بەرامبەر یەکێک لە سێیەمەکان یاریی دەکات لە قۆناخی داهاتوو.
هەڵبژاردەی ئێران، هاوشێوەی میسر هەلێکی گەورەی هەیە بۆ ئەوەی لەنێو دۆخێکی ئاڵۆزدا خۆی بگەیێنێتە قۆناخی دووەمی مۆندیال.
ئێران لە دوو یاریی رابردوودا دوو یەکسانبوون و دوو خاڵی هەیە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە، بەبردنەوەی یارییەکەیان بەرامبەر میسر راستەوخۆ دەگەنە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
ئێران لە واشنتن دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکەی بەرامبەر میسر ئەنجامدا و دەیەوێت سەرکەوتنێکی مێژوویی لە مۆندیالدا بنووسێتەوە.
هەڵبژاردەی ئێران جاری حەوتەمە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات، تیپەکە هەرگیز نەیتوانیووە بگاتە قۆناخی دووەم، ئەوان بۆ بەشداریکردن لەم مۆندیالەدا بە دۆخێکی زەحمەت و ئاڵۆزدا تێپەڕین و بەبردنەوەی یارییەکەیان لە میسر دەستکەوتێکی مێژوویی گەورە بەدەستدەهێنن کە هەرگیز تیپەکە و وڵاتەکە بەخۆیەوە نەبینیووە.




