رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق، دوایین یاریی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالدا ئەنجامدەدات و ئەگەری سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو زۆر لاوازە.
کاژێر 22:00 عێراق لە سێیەم یارییدا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی نۆیەمدا بەرامبەر سەنیگال یاریی دەکات و یارییەکە لە تۆرۆنتۆی کەنەدا بەڕێوەدەچێت.
عێراق دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە لە کەنەدا ئەنجامدا و چاوی لەوەیە یەکەم بردنەوە لە مێژووی خۆیدا لە مۆندیالدا تۆمار بکات، ئەگەر هەلی سەرکەوتنیشی بۆ قۆناخی داهاتوو زۆر نەبێت.
بۆ ئەوەی عێراق بگاتە قۆناخی 32ـی مۆندیال، پێویستە یارییەکە بە جیاوازیی 4 گۆڵ لە سەنیگال بباتەوە، ئەوەش کارێکی زەحمەتە، بەڵام مەحاڵ نییە.
لە یارییەکەدا ئەیمەن حوسێن، بەهۆی ئەو پێکانەی لە یاریی بەرامبەر فەرەنسا تووشی بوو یاریی ناکات.
لە یاریی رابردوو هەمووان ستایشی ئاستی بەرزی هەردوو یاریزانی کورد، مێرخاس دۆسکی و ئاکام هاشمیان کرد، هەردوو یاریزانە لە باشترینەکانی عێراق بوون لە یارییەکەدا و ئەمشەویش بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکەن.
عێراق لە مۆندیالدا 7 گۆڵی لێکراوە و یەکێکە لەو هەڵبژاردانەی زۆرترین گۆڵی لە دوو یارییدا لێکراوە، بۆیە ئەرکی بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو ئاسان نییە.
عێراق بە پێنج مەرج دەتوانێت بگاتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال، پێویستە خۆی 3-0 یان زیاتر لە سەنیگال بباتەوە، ئیسپانیا لە ئۆرۆگوای بباتەوە، میسر لە ئێران بباتەوە، بەلجیکا لە نیوزلەندا بباتەوە، کۆنگۆ بەرامبەر ئۆزبەکستان بدۆڕێت یان یەکسان بێت.
هەڵبژاردەی سەنیگال، دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک بەدوای بردنەوەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی هەلی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتووی مۆندیال هەبێت.
هاوشێوەی عێراق، سەنیگالیش لە دوو یاریی رابردوودا بەرامبەر فەرەنسا و نەرویج دۆڕاوە، بەڵام ئەوان گۆڵی کەمتریان لێکراوە و یاریی سێیەمیان بەرامبەر عێراق دەبێت، بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووش پێویستی بەبردنەوەی یارییەکەیە.
تیرانگا شەش گۆڵی لێکراوە و سێ گۆڵی تۆمارکردووە، کەواتە بەبردنەوەی ئەم یارییە و بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە دەکرێت تیپەکە بە تەنیا سێ خاڵ بگەیێنێتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
هەردوو هەڵبژاردە هەلی سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو هەیە، بۆیە چاوەڕواندەکرێت رکابەرییەکە بەهێز و سەرنجڕاکێش بێت.
سەنیگال لە مۆندیالی قەتەر گەیشتبووە قۆناخی شازدە، نایەوێت لەم مۆندیالەدا وا بە ئاسانی بچێتە دەرەوە، بەڵام بۆ ئەوە پێویستە یارییەکەی لە عێراق بباتەوە و چاوەڕێی هەڵوێستی سێیەمی کۆمەڵەکانی دیکە بکات.




