رووداو دیجیتاڵ
ستالی سۆلباکنی راهێنەری هەڵبژاردەی نەرویج، خۆی لە باسکردن و بەشانوباڵدا هەڵدانی هەڵبژاردەی فەرەنسا پاراستووە، باسی جیاوازیی نێوان ئێمباپێ و هالاندی کردووە و دەڵێ، ئەوان لە داهاتوودا هەر لە سەردێڕی هەواڵەکان دەمێننەوە.
کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و نەرویج، لە سێیەم یاریی خۆیاندا لە مۆندیالی ئەمساڵ، رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
هەردوو هەڵبژاردە لە دوو یاریی رابردوودا، ئاستێکی ناوازەیان پێشانداوە و دوو بردنەوەی لەسەریەکیان هەیە و فەرەنسا بەجیاوازیی گۆڵ، پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە.
لە یارییەکەدا، سەرنجی زۆر لەسەر ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری نەرویجی و کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری فەرەنسی دەبێت.
هالاند و ئێمباپێ بەرلە بەیەکگەیشتنیان، هەریەکەیان چوار گۆڵی لە مۆندیالی ئەمساڵدا تۆمارکردووە و لە دوای لیۆنێل مێسییەوە کە خاوەنی پێنج گۆڵە، دووەم گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکەن.
سۆلباکن، لەبارەی بەیەکگەیشتنی ئەو دوو ئەستێرەیەوە دەڵێ، "هەردووکیان ساڵانێکی زۆر و باشیان لەپێشە و دەتوانن بەردەوام بن لەوەی ببنە سەردێڕی هەواڵەکان لە هەموو جیهاندا.جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەوان دوو جۆری جیاوازی یاریزانن، لە خولی جیاواز یاری دەکەن؛ یەکێکیان بۆ وڵاتێکی گەورە یاری دەکات و ئەوەی دیکەیان بۆ وڵاتێکی بچووک. بۆیە جیاوازی هەیە لەنێوان ئێرلینگ و کیلیان، بەڵام ئەوان لە ساڵانی داهاتووشدا بەردەوام دەبن لە دروستکردنی هەواڵە گەورەکان، چونکە باشترینن لە پێگەکانی خۆیاندا".
راهێنەری نەرویج پەسنی تواناکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا و لێهاتوویی لە مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە جیاوازەکان داوە، ئەو دەڵێ، "ئاشکرایە کە زۆر زۆر دڵخۆشین بەو شەش خاڵە، بێگومان فەرەنساش شەش خاڵی هەیە. دەتوانین زۆر شت لە فەرەنساوە فێربین. ئەوان زۆر جار لەم بارودۆخەدا بوون. لە دوو جامی جیهانی رابردوودا، توانیویانە بەو شێوەیە بگەنە یاری سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکان؛ پشوو بە هەندێک یاریزان بدەن و بە شێوازێکی دیکە یاری بکەن. ئەوان خاوەنی راهێنەرێکی گەورە و یاریزانی گەورەن، بەڵام لە رووی مامەڵەکردنیشیان لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەدا زۆر زیرەک بوون، هەر بۆیەش جارێک بوونە پاڵەوان و جارەکەی دیکەش بوونە دووەمی جیهان. بۆیە ئێمە دەتوانین کەمێک شت لە فەرەنساوە فێربین".
نەرویج و فەرەنسا ئەگەرچی پێشبینیکراوە لە یارییەکەی ئەمشەودا، پشوو بەهەندێک یاریزانی سەرەکی بدەن، بەڵام هەردووکیان چاویان لە پێشەنگی کۆمەڵەکەیانە، لەپێناو مسۆگەرکردنی بەرنەکەوتنی هەڵبژاردە گەورەکانی دیکە، لە قۆناخی داهاتوودا.




