رووداو دیجیتاڵ
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، جارێکی دیکە دووپاتیدەکاتەوە، هەڵبژاردەکەی لە گەورەکان ناترسێت و بەدوای بەدەستهێنانی یەکەم بردنەوە لە مۆندیالی ئەمساڵ دەگەڕێت.
عێراق لە دوو یاریی یەکەمی مۆندیالدا بە نەرویج و فەرەنسا دۆڕاوە و لە هەردوو یارییەکەشدا، هەڵبژاردەکە حەوت گۆڵی لێکراوە، لە دوایین یاریشدا ئەمشەو بەرامبەر سەنیگال یارییدەکات.
ئارنۆڵد دەڵێ، "سەنیگال پاڵەوانی ئەفریقایە و پێویستە ئێمە بچینە یاریگاوە و ئەرێنی بین، واتە لە یەکەم خولەکەوە تاکو کۆتایی گوشار بخەینە سەریان و بە باشترین توانای خۆمانەوە یاری بکەین. گرنگترین شت بۆ من ئەوەیە کە باشترین لە یاریزانەکان وەک تاک و وەک تیپ دەربهێنم و لە رووی دەروونییەوە ئامادەیان بکەم".
راهێنەری عێراق، بێئومێدبوونی یاریزانەکانی رەتدەکاتەوە، پاشئەوە دوو یارییان لەسەریەک دۆڕاند، "یاریزانەکان ورەیەکی زۆر بەرزیان هەیە، یەکێک بوو لە باشترین ئەو یەکە مەشقییانەی تاوەکو ئێستا بینیومە. ئەوان هاندراون بۆ ئەوەی بچنە یاریگاوە و نەک تەنیا عێراق سەربەرز بکەن، بەڵکو خێزانەکانیان و کولتووری تیپەکەشمان".
ئارنۆڵد دووپاتیدەکاتەوە، کاری زۆری لەسەر توانای بیرکردنەوەی تیپەکەی دروستکردووە، "من هەمیشە بەو نیازەوە راهێنەرایەتیم کردووە کە بیبەمەوە و لە هەموو یارییەکدا چاوەڕێی سەرکەوتن دەکەم. هەرگیز تیپێک نانێرمە یاریگا، تەنیا بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن نەدۆڕێن. بۆیە هەمیشە مەبەستەکە عەقڵیەتێکی بەهێزە، ئەوەیە کە یاریزانەکان بڕوایان بە خۆیان هەبێت، وزەیەکی بەرزیان هەبێت و بیرکردنەوەیان لای ئاستی خۆیان بێت. ئێمە تەنیا دەتوانین کۆنترۆڵی ئەوە بکەین کە خۆمان دەیکەین، ناتوانین کۆنترۆڵی ئەوە بکەین کە سەنیگال دەیکات".
ئارنۆڵد دووپاتیدەکاتەوە، بەرکەوتنی هەڵبژاردە گەورەکان، سوودی بۆ هەڵبژاردەکە هەیە و یاریزانەکانی بەرەو پێشبردووە، ئەو دەڵێ، "من پێشکەوتنم لە ئاستیاندا بینیوە تەنانەت لە مەشقەکانیشدا دوای یاریکردن بەرامبەر ئەو دوو تیپە. چونکە کاتێک بەرامبەر یاریزانە ئاستبەرزەکان یاری دەکەیت کە لە خولی ئینگلیزی، خولی ئیتاڵی، بۆندێسلیگا یان خولە بەهێزەکانی دیکەی ئەورووپا یاری دەکەن، یاریزانەکان بڕوایان بەوە دەبێت کە دەتوانن لە ئاستی ئەواندابن. ئاشکرایە ئێمە شانازیی ئەوەمان هەبوو بەرامبەر نەرویج و فەرەنسا یاری بکەین، ئێستاش شانازیی یاریکردنمان بەرامبەر سەنیگال هەیە. پێموایە ئەمە زەحمەتترین کۆمەڵەیە، رەنگە لە تەواوی جامی جیهانیشدا. ئەمە هەلێکی زێڕینە کە بەرامبەر ئەو جۆرە یاریزانانە یاری بکەیت و لەگەڵیاندا بیت لە یاریگادا، چونکە ئەمە تەنیا دەبێتە هۆی باشترکردنی یاریزانەکانمان بۆ داهاتوو".
عێراق ئومێدێکی زۆر لاوازی بەسەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو هەیە، چونکە بەرێگایەکی زۆر ئاڵۆز دەتوانێت ئەوە بەدەست بهێنێت، بەو مەرجەی خۆی لانیکەم بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە سەنیگال بباتەوە.




