رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ئەو پێنج هەڵبژاردەیەی دەستنیشانکردووە، کە بەبڕوای ئەو بەربژێری سەرەکین بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی ئەمساڵ.
مۆرینیۆ لە چاوپێکەوتنێکدا، پێشبینیکردووە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کە پۆرتوگالە، لە مۆندیالدا زۆر بڕوات.
جۆزێ دەڵێ، "بێگومان پۆرتوگال دەتوانن تاوەکو یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بڕۆن، بەڵام ئەوان تەنیا نین و هەڵبژاردەی دیکەش هەن کە بەربژێرن".
ئەو هەروەها دەڵێ، "من هەموو کات دەڵێم، ئینگلتەرا لە نێو رکابەرەکاندایە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە، بەلەربەرچاوگرتنی توانای یاریزانەکان، ئێمە باسی نەوەی لامپارد و بێکهام دەکەین، لەوکاتەوە من هەموو کات پێموابووە ئینگلتەرا بەربژێرە، بەڵام ئەوە لە کۆتاییدا روونادات، لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە ئینگلتەرا بەربژێرە".
سپێشەڵ وەن، روونیکردووەتەوە کە متمانەی تەواوی بە ئینگلتەرا هەیە لەوەی رکابەری لەسەر نازناوەکە بکات، ئەو دەڵێ، "ئارسیناڵ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی دۆڕاندووە، کریستاڵ پاڵاس کۆنفرانسلیگ و ئاستۆن ڤێلاش یۆرۆلیگی بردووەتەوە".
دووپاتیدەکاتەوە، "جیا لە بارسێلۆنا، بایرن میونشن، ریال و پاریس سانجێرمان، هەرچی یاریزانی باشە لە ئینگلتەرایە".
هەروەها گوتوویەتی، "کاتێک یاریی کۆتایی بەلێدانی یەکلاکەرەوە دەدۆڕێنیت، بابەتەکە پەیوەندی بەوردەکاریی زۆر بچووکەوە هەیە. ئەوان یۆرۆیان لە 2004 بەرامبەر پۆرتوگال دۆڕاند، لێدانە یەکلاکەرەوەکان تەنیا وردەکاریی زۆر بچووکن".
مۆرینیۆ دەڵێ، "پێموایە گوشاری میدیایی گەورە لەسەر ئینگلتەرا هەیە، گەورەترە لە گوشاری سەر هەر هەڵبژاردەیەکی دیکە. لە کۆتاییدا میدیا کاریگەریی لەسەر هاندەران دروستدەکات و ئاستی پێشبینییەکان دەباتە سەرتر، هەڵبژاردەکەش تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بەباشی مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکات. ئەوان هەموو کات راهێنەری باشیان هەیە، ئێستاش راهێنەرێکی باش. لەبەرئەوە پێموایە ئەوان توانای بردنەوەی مۆندیالیان هەیە".
مۆرینیۆ باسی لە پتەویی پێکهاتەی فەرەنسا کردووە، کە چەندین ئەستێرەی گەورەی وەک کیلیان ئێمباپێ، عوسمان دێمبێلێ، مایکڵ ئۆلیسێ، برادلی بارکۆلا و دیزیری دویێ و ئەستێرەی دیکەشی هەن.
ئەو دەڵێ، "ئەگەر تەماشای فەرەنسا بکەیت، دەبینی کە دەتوانێت بە سێ پێکهاتەی جیاوازەوە یاریی بکات، هەمووان توانای رکابەری لەسەر نازناوەکەیان هەیە".
راهێنەرەکەی پێشووی چێڵسی، تۆتێنهام، بێنفیکا و مانچێستەر یونایتد زیاتر دەڵێ، "دواتر ئیسپانیا هەیە، هەروەها ئەرجەنتین و بەرازیل، هەندێک دەڵێن ئەو هەڵبژاردانە وەک مۆندیالەکانی پێشوو، بەهرەمەند و بەهێز نین، بەڵام من هەموو کات دەڵێم، بوونی راهێنەرێکی وەک کارلۆ ئەنچێلۆتی، جیاوازییەکە دروستدەکات".
لە کۆتاییشدا دەڵێ،"تەنانەت دوای یەکسانبوون بەرامبەر مەغریب و لە یارییەکی خراپدا، وەکئەوە هاتە پێشچاو کە تسۆنامی لە بەرازیلی دابێت، بەڵام بۆ کارلۆ وانەبوو، من هەموو کات بڕوام بەتواناکانی کارلۆ هەیە، کە دەتوانێت جیاوازیی دروست بکات. پۆرتوگالیش هەڵبژاردەیەکی ناوازەیە و پێکهاتەیەکی زۆر باشی هەیە".
مۆرینیۆ بڕیاریداوە رۆژی 12ی مانگی حەوت دەستبەکاربکاتەوە لەگەڵ ریال مەدرید و ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی نوێی خولەکانی ئەورووپا، دەستپێدەکات.




