رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی گەڕی سێیەم و کۆتایی لە کۆمەڵەی پێنجەمی مۆندیالی 2026، هەرسێ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، کۆتدیڤوار و ئیکوادۆر توانییان بگەنە قۆناخی 32ـی پاڵەوانێتییەکە.
گەورەترین سوپرایزی ئەم کۆمەڵەیەش هەڵبژاردەی ئیکوادۆر بوو کە توانی بەسەر ئەڵمانیا سەربکەوێت.
ئیکوادۆر، ئەڵمانیای شۆککرد
لە یارییەکی چاوەڕواننەکراودا، هەڵبژاردەی ئیکوادۆر توانی بە ئەنجامی (2-1) لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیای پاڵەوانی چوار جارەی مۆندیال
بباتەوە. هەرچەندە مانشافت زۆر زوو و لە خولەکی 2دا لە رێگەی لیرۆی سانێوە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، بەڵام ئیکوادۆرییەکان کۆڵیان نەدا،
تەنیا 7 خولەک دوای گۆڵەکەی ئەڵمانیا، نیلسۆن ئانگولۆ بە لێدانێکی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ ئیکوادۆر تۆمارکرد. لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 77، گۆنزالۆ پلاتا گۆڵی دووەم و کوشندەی بۆ ئیکوادۆر تۆمارکرد، بەوەش هەڵبژاردەکەی کۆی خاڵەکانی گەیاندە 4 خاڵ و وەک یەکێک لە باشترین هەشت هەڵبژاردەی خاوەن پلەی سێیەم، گەیشتنی بە قۆناخی 32 مسۆگەر کرد.
فیلەکانی کۆتدیڤوار مێژوویان نووسییەوە
لە لایەکی دیکەوە، هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە هەڵبژاردەی کوراساوی بردەوە.
ئەستێرەی یارییەکە نیکۆلاس پێپێ بوو کە هەردوو گۆڵەکەی کۆتدیڤواری لە خولەکەکانی 7 و 64دا تۆمارکرد.
بەم سەرکەوتنە، کۆتدیڤوار بۆ یەکەمجار لە مێژووی بەشدارییەکانی لە مۆندیال، توانی دوو سەرکەوتن لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا تۆماربکات و بە پلەی دووەمی کۆمەڵەکە گەیشتە قۆناخی داهاتوو.
ریزبەندیی کۆتایی کۆمەڵەی پێنجەم:
1. ئەڵمانیا: 6 خاڵ (وەک یەکەمی کۆمەڵە سەرکەوت، بەهۆی بردنەوەی لە یاریی رووبەڕووبوونەوە بەرامبەر کۆتدیڤوار).
2. کۆتدیڤوار: 6 خاڵ (پلەی دووەم و سەرکەوت بۆ قۆناخی 32).
3. ئیکوادۆر: 4 خاڵ (پلەی سێیەم و وەک باشترین سێیەم سەرکەوت).
4. کوراساو: 1 خاڵ (ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد).
بەمەش کۆمەڵەی پێنجەم سێ نوێنەری لە قۆناخی 32ـی مۆندیالی 2026دا دەبێت، کە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.




