رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێت مۆندیالی 2026 بەهۆی گەرمای بەتین و بارانی بەخوڕ، ئاڵنگاری گەورە بۆ تیپە بەشداربووەکان و رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە دروستبکات.
بەشێکی زۆری یارییەکانی مۆندیالی 2026 لە پلەی گەرمی بەرزدا ئەنجام دەدرێن و پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرمی لە هەندێک ناوچە 32 پلەی سیلیزی تێپەڕێنن. ئەمە دەبێتە گەرمترین مۆندیال لە دوای ساڵی 1994ـەوە. جگە لە گەرما، هەورەبرووسكە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر بەڕێوەچوونی یارییەکان.
بەپێی یاساکان، کاتی هەبوونی هەورەبرووسكە لە مەودای هەشت میل لە یاریگە، یاری رادگیرێت و دوای دوایین برووسكە دەبێت 30 خولەک چاوەڕێ بکرێت.
میدیای ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، یارییەکەی تونس و هۆڵەندا لە شاری کانساس مەترسییەکی زۆری لەسەرە. پێشبینی دەکرێت 90% بارانی بەخوڕ و هەورەبرووسكە لە کاتی یارییەکەدا هەبێت. لە بەرامبەردا یارییەکەی ئەمریکا و تورکیا لە کالیفۆرنیا لە بارودۆخێکی زۆر گونجاودا ئەنجام دەدرێت و پلەی گەرمی لە کاتی یارییەکەدا دەگاتە 20 پلەی سیلیزی.
لە بەشێکی دیکەی یارییەکاندا، وەک یارییەکەی ئەڵمانیا و ئیکوادۆر، هەروەها کۆت دیڤوار و کوراساو، پلەی گەرمی 29 پلەی سیلیزی دەبێت. یارییەکانی ژاپۆن بەرامبەر سوێد و ئەمریکا بەرامبەر تورکیا لەناو یاریگەی داخراودا دەبن، بۆیە گۆڕانکاری کەشوهەوا کاریگەری لەسەر نابێت. پێشتر لە 22ـی مانگی 6ـی یاریی نێوان فەرەنسا و عێراق بۆ ماوەی دوو کاژێر بەهۆی خراپی کەشوهەواوە راگیرا.




