رووداو دیجیتاڵ
گێیێرمۆ ئۆچوا، گۆڵپارێزە مێژووییەکەی مەکسیک بۆ جاری شەشەم بەشداریی لە مۆندیالدا کرد و ریکۆردێکی مێژوویی بۆ خۆی وڵاتەکەی تۆمارکرد، لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی یەکسانبووەوە.
ئۆچوا لە یاریی بەرامبەر چیک بەشێوەی یەدەگ چووە نێو یاریگا و هەموو یاریگا بۆی هەستایەوە سەرپێ و رێزیان لە بەشداریکردنی ئەو گۆڵپارێزە گرت.
گۆڵپارێزەکە 20 ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار لە 2005 بانگهێشتی هەڵبژاردەی مەکسیک کرا، ئەو کاتە تەمەنی 20 ساڵ و 5 مانگ و رۆژێک بوو. ئێستا تەمەنی 40 ساڵە و مێژووییەکی نوێی بۆ خۆی و تۆپی پێی وڵاتەکەی نووسییەوە و بۆ جاری شەشەم بەشداریی لە مۆندیالدا کرد.
ئەوە هەر مێسی و رۆناڵدۆ نین، بۆ جاری شەشەم بەشداری دەکەن، ئۆچوا ئەستێرەیەکی دیکەیە، بەڵام بە درێسە سەوزەکەی مەکسیکەوە.
دوای ئەنجامدانی 154 یاریی نێودەوڵەتی، یارییکردنی بۆ زیاتر لە 13 هەزار و 538 خولەک، رەنگە ئەمە دوایین یاریی ئەو گۆڵپارێزە مێژووییەی مەکسیک بێت.
دوای کۆتاییهاتنی ئەو یارییە ئۆچوا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "نزیکەی مانگ و نیوێکە هەستەکانم زۆر بەسەرمدا زاڵن. ئەم دوایین مەشق و ساتانەی سەر یاریگا لەگەڵ هەڵبژاردەم، لە راهێنان و گەشتەکاندا، بە هەستێکی زۆری نۆستالژیاوە ئەزموون کردووە. ئەوەی بتوانیت بۆ چەند خولەکێک لە ناو یاریگاکەدا چێژ وەربگریت، لەو یاریگایەی کە تێیدا گەورە بوویت، لەگەڵ هەڵبژاردەی مەکسیک و لە مۆندیالدا. هیچ وشەیەک نییە بۆ پێناسەکردنی. ئەمە کۆتایییەکی بێوێنەیە بۆ قۆناخێکی زۆر درێژی نزیکەی 22 یان 23 ساڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی. دوورە کە چیدیکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بم لە یاریکردن. بەو پەڕی دڵنیاییەوە دەڕۆم چونکە دەزانم هەموو جارێک، هەموو توانایەکی خۆمم بەخشیوە."
گۆڵپارێزە مێژووییەکەی مەکسیک و جیهان لەبارەی یادەوەرییەکانی یارییکردنی دەڵێت "زۆر یادەوەریم بۆ گەڕایەوە. ئەوەم بیرکەوتەوە کە کاتێک منداڵێکی ناو ئەکادیمیاکە بووم دەهاتمە ئەم یاریگایە، لەسەر کورسی هاندەران دادەنیشتم و خەونم بەوەوە دەبینی لەسەر ئەو چیمەنە یاری بکەم. یەکەمین دەرکەوتنم لەگەڵ تیپی یەکەم بیرکەوتەوە، کاتێک دایک و باوکم تەنانەت نەیاندەزانی کە من یاری دەکەم و چەندە شڵەژا بووم. هەروەها دەشمزانی کە ئەمڕۆ چ مانایەکی دەبێت بۆ خێزانەکەم، بۆ منداڵەکانم کە دەمبینن یاری دەکەم. لە کۆتاییدا هەمووم کۆکردنەوە و پێم گوتن: 'لەوانەیە ئەمە دوایینجار بێت کە دەمبینن یاری بکەم. هیوادارم چێژتان لێ بینیبێت.'



