رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی کۆمەڵەی شەشەم لە قۆناخی یەکەمی مۆندیالدا کۆتاییدێن، بەرەبەیانی رۆژی هەینی هەردوو یاریی کۆمەڵەکە کاژێر 02:00 بەڕێوەدەچن و دوو هەڵبژاردە دەگەنە قۆناخی دووەمی مۆندیال.
هەڵبژاردەی هۆڵەندا، دوایین یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ئەنجامدەدات و دەیەوێت پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە، کاتێک بەرامبەر تونس یاریی دەکات.
یاریزانانی هۆڵەندا دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکە لە کانساس سیتی ئەنجامدا، تیپەکەی رۆناڵد کۆمان دەیەوێت بردنەوەی دووەم لە مۆندیالدا تۆماربکات و خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی بەرازیل بپارێزێت لە قۆناخی دووەمدا، لەکاتێکدا دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە لە قۆناخی داهاتوو بەرامبەر سامبا یاریی دەکات.
هۆڵەندا لە دوو یاریی رابردوودا چوار خاڵی بەبردنەوەیەک و یەکسانبوونێک بەدەستهێناوە، ئەرکیان لە یارییەکەی ئەمجارەدا زۆر زەحمەت نییە، لەکاتێکدا تونس ماڵئاوایی لە مۆندیال کردووە و بە دوو یاری 9 گۆڵی لێکراوە و تەنیا یەک گۆڵی کردووە.
پێکهاتەی هۆڵەندا بە هەموو یاریزانەکانییەوە بۆ یارییەکە ئامادەیە و هیچ یاریزانێک پێکانی نییە، بۆیە تیپەکە بە هەموو هێزی خۆیەوە دەچێتە نێو یاریگای ئاروهێد بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە و سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو بە پێشەنگی کۆمەڵەی شەشەم.
هەردوو هەڵبژاردەی ژاپۆن و سوێد لە یارییەکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی کۆمەڵەی شەشەمدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکە و گەیشتن بە قۆناخی دووەمی مۆندیال.
ژاپۆن لە دالاس دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا، هەڵبژاردەکە بەبردنەوەیەک و یەکسانبوونێک خاوەنی چوار خاڵە و یەکسانبوونێک لە یارییەکەدا بەسە بۆ ئەوەی تیپەکە بە دووەمی ریزبەند بگاتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
لە یارییەکەی بەرامبەر سوێد، تاکیفۆسا کوبۆ بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکە چاوی لەوەیە خۆی لە دۆڕان بپارێزێت.
ژاپۆن ئەگەر بە دووەم بگاتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال، لە قۆناخی 32 بەرامبەر بەرازیل یاریی دەکات.
سوێد لە تونسی بردووەتەوە و بەرامبەر هۆڵەندا دۆڕاندووە، بەبردنەوە راستەوخۆ دەگاتە قۆناخی داهاتوو و بە یەکسانبوونیش دەکرێت وەکو سێیەم بگاتە ئەو قۆناخە.




