رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای سەرکردایەتیکردنی بەرازیل بۆ بردنەوەیەکی گەورە لە سکۆتلاند، ڤینیسیۆس جۆنیۆر بەقسەیەکی رەق و نابەجێ وەڵامی ناوبژیوان دەڵێت، دوای ئەوەی گۆڵەکەی رەتکرایەوە.
بڕیارێکی ناوبژیوانی تووڕەیی ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلی تەقاندەوە، لە کاتی یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر سکۆتلاند، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەڕێوەچوو.
بەرازیل بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە؛ ڤینیسیۆس جۆنیۆر دوو گۆڵی لە خولەکەکانی 7 و 45+3 تۆمارکرد، گۆڵی سێیەمیش لەلایەن ماتیۆس کۆنیاوە تۆمارکرا. بەم ئەنجامە هەڵبژاردەی سامبا بە 7 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لەپێش هەڵبژاردەی مەغریبی خاوەن هەمان خاڵەوە، بوو بە پێشەنگی کۆمەڵەکە.
دوای ئەوەی ڤینیسیۆس گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، هەوڵێکی دیکەی دا بۆ هەژاندنی تۆڕی گۆڵ و سەرکەوتووش بوو، بەڵام ناوبژیوان گۆڵەکەی هەڵوەشاندەوە و ئەمەش تووڕەیی یاریزانە بەرازیلییەکەی لێکەوتەوە.
رووداوەکە لە خولەکی 22ـی یارییەکەدا بوو، کاتێک گۆڵێکی یاریزانە بەرازیلییەکە بە بڕیاری ناوبژیوانی مەکسیکی، سێزار رامۆس رەتکرایەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، ڤینیسیۆس بە ناوبژیوانی گوتووە "ئەمە شەرمەزارییە". ڤینیسیۆس بە بڕیارەکە رازی نەبوو و راستەوخۆ کەوتە دەماقاڵێیەکی تووند لەگەڵ ناوبژیوان.
هێرشەکە بە هەڵەیەکی سکۆتلاند لە نیوەی یاریگای خۆیاندا دەستی پێکرد. ڤینیسیۆس سوودی لە شڵەژانی بەرگری رکابەرەکەی وەرگرت و بەرەو پێشەوە چوو، لە هێندری تێپەڕی و چووە ناو ناوچەی سزا و بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی تۆمارکرد.
لە سەرەتادا گۆڵەکە بەبێ هیچ ناڕەزایەتییەک هەژمارکرا، بەڵام ناوبژیوانە مەکسیکییەکە گەڕایەوە بۆ بینینی دیمەنەکە و گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ڤینیسیۆس بەری قاچی بەرگریکارە سکۆتلاندییەکە کەوتووە، بۆیە گۆڵەکەی هەڵوەشاندەوە.




