رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئێران هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە ئاهەنگەکانی هاوڕەگەزخوازان لە یارییەکەی بەرامبەر میسر رادەگەیێنێت.
هەڵبژاردەی ئێران هەڵوێستی فەرمی خۆی دەربارەی تەنگژەی هاوکاتبوونی یارییە چاوەڕوانکراوەکەی بەرامبەر میسر لەگەڵ چالاکییەکانی 'رۆژی شانازی' Pride Matchday راگەیاند، کە تایبەتە بە داواکردنی مافەکانی هاوڕەگەزبازان 'کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە'.
یارییە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان میسر و ئێران، کە بڕیارە بەیانی رۆژی شەممەی داهاتوو لە شاری سیاتڵ بەڕێوەبچێت، هێشتا مشتومڕێکی بەرفراوان دەنێتەوە.
لیژنەی رێکخەر لەو شارە ئەمریکییە ئەم رێکەوتەی دیاریکردووە بۆ ئەوەی یارییەکە وەک 'رۆژی شانازی' تەرخان بکرێت و تێیدا رێز لە کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان بگیرێت، بەڵام هیچ کام لەو دوو هەڵبژاردەیە نایانەوێت پەیوەندییان بەم دەسپێشخەرییەوە هەبێت، بەتایبەت کە ئەمە لەگەڵ بەها ئایینی و کولتوورییەکانی هەردوو وڵاتدا یەکناگرێتەوە.
پێش دەسپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، میسر و ئێران ئەم دەسپێشخەرییەیان رەتکردەوە و داوایان کرد هەر چالاکییەک کە پەیوەندی بەم بابەتەوە هەبێت و هاوکات بێت لەگەڵ یارییەکەیاندا، هەڵبوەشێنرێتەوە.
گوتەبێژێک بەناوی هەڵبژاردەی ئێرانەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاند "ئێران و میسر دوو دەوڵەتی موسڵمانن و پەیوەندییەکی کولتووری و ئایینی قووڵ لەنێوانیاندا هەیە".
هەروەها گوتیشی "ئەو رایانەی لەلایەن هەردوو فیدراسیۆنەکەوە دەربڕدراون، گوزارشت لە بەها و بیروباوەڕە هاوبەشەکانی گەلانی هەردوو وڵات دەکەن. هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە نابێت هیچ ئاهەنگگێڕانێک یان چالاکییەکی بانگەشەکردن کە پەیوەندی بەم بزووتنەوەیەوە هەبێت، لەناو یاریگا یان لە چوارچێوەی یارییەکەدا ئەنجام بدرێت".




