رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا سێیەم یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا ئەنجامدەدات و بە ئەگەری زۆرەوە دێنیز ئونداڤی کورد، لە یارییەکەدا بەشێوەی سەرەکی یاریی دەکات.
یاریزانانی ئەڵمانیا لە نۆرس کارۆلینا بە پایسکل چوونە دوایین مەشق و راهێنانەکانیان و لەنێو کەشوهەوایەکی ئارامدا خۆیان ئامادەکرد، بۆ دوایین یارییان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیکوادۆر، لەو یارییەدا کە کاژێر 23:00 بەڕێوەدەچێت.
ئەوەی زۆرترین چاوی لەسەرە، دێنیز ئونداڤە، دوای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا سێ گۆڵی بۆ هەڵبژاردەکە تۆمارکرد، هەر ئەوەش وایکرد هەمووان چاوەڕێی ئەوە بن کە ئەمشەو بەشێوەی سەرەکی یاریی بکات.
مانشافت، لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و گەیشتنی بۆ قۆناخی داهاتووی مۆندیال یەکلابووەتەوە، تیپەکە دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بۆ ئەوەی بە خاڵی تەواوەوە لە قۆناخی داهاتوو بێت.
ئیکوادۆر بە دۆڕانێک و یەکسانبوونێ خاوەنی تەنیا یەک خاڵە، بۆ ئەوەی هەلی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو هەبێت، جگە لە بردنەوەی یارییەکە هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە، بەڵام ئەرکیان بەرامبەر ئەڵمانیا ئاسان نابێت.
ئەگەر ئونداڤ، لە یارییەکەی ئەمشەودا گۆڵی تۆمارکرد، ریکۆردێکی نوێ بە ناوی خۆیەوە دەکات و بۆ سێیەم یاریی لەسەریەک گۆڵ دەکات و ریکۆردی ڤینیسیۆس جونیۆر لەم مۆندیالەدا یەکساندەکاتەوە.
دێنیز ئونداڤ، پێش یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد و گوتی "ئەگەر هەموو شتێک ئاسایی نەبوایە، من لێرە نەدەبووم لەم کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا. من هەوڵ دەدەم باشترین توانای خۆم پێشکەش بکەم، چ لە پێکهاتەی سەرەکیدا بم یان دواتر بێمە ناو یاریگا. ئەوە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە تیپەکە بیباتەوە."
گۆڵکارەکەی ئەڵمانیا زیاتر قسەیکرد و گوتی " من دوو جار وەک یاریزانی یەدەگ هاتمە ناوەوە و یارییەکەمان بردەوە، زۆر بەوە دڵخۆشم. گرنگترین شت ئەوەیە کە یارییەکە ببەینەوە، هەموو شتەکانی دیکەش دوای ئەوە دێن. زۆر گرنگە کە تیپەکەمان تاکو ئەو شوێنەی دەکرێت بڕواتە پێشەوە. دووبارەی دەکەمەوە، هەموو یاریزانێک بەشداری و هاوکاریی خۆی هەبوو. ئەگەر من دڵخۆش و رازی نەبوومایە، لێرە نەدەبووم. من ئەو ڕۆڵە قبوڵ دەکەم. پێموایە لە ماوەی پاڵەوانێتییەکەدا دەکرێت هەندێک شت رووبدەن، بەڵام من تەنیا هەوڵمدا ئەرکی خۆم جێبەجێ بکەم، و پێموایە نیشانم دا کە لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتوو بووم."



