رووداو دیجیتاڵ
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، بووە پێنجەم ئەستێرە لە مێژووی بەرازیلدا لەسەرجەم یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال گۆڵ بکات، پاشئەوەی پێشەوایەتیی سیلیساوی کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر سکۆتلاند بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر.
ڤینی لە یارییەکەدا گۆڵەکانی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد و بەوەش پێشەوایەتیی هەڵبژاردەی کرد، بۆ بەدەستهێنانی پێشەنگی کۆمەڵەکەی و پەڕینەوە بۆ قۆناخی 32ی مۆندیال.
ڤینی پێشتر گۆڵی لە مەغریب و هایتی کردبوو، لە هەردوو یاریی یەکەم و دووەمی بەرازیل لە مۆندیال و بەوەش ئەستێرە گەورەکانی وەک پێلێ و رۆناڵدینیۆی تێپەڕاند.
ڤینیسیۆس بووە یەکەم یاریزانی بەرازیلی لە دوای رۆناڵدۆی دیاردە و ریڤاڵدۆوە، لە سێ یاریی قۆناخی کۆمەڵەکان گۆڵ بکات. ئەو دوو ئەفسانەیە پێشتر لە مۆندیالی 2002دا ئەو کارەیان کردبوو.
لە مۆندیالی 1970دا، گایرزینیۆ سێ گۆڵی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال تۆمارکرد و دوای ئەوە رۆماریۆ لە مۆندیالی 1994 هەمان دەستکەوتی دووبارە کردەوە.
لە مۆندیالی 2002، هەریەکە لە ریڤاڵدۆ و رۆناڵدۆ، لەسەر یارییەکانی بەرازیل لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالەکە گۆڵیان تۆمارکرد و لە کۆتاییدا نازناوەکەیان بەدەستهێنا.




