رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بۆسنە دوای سەرکەوتنی بەسەر قەتەر، گەیشتنی بە قۆناخی 32ـی مۆندیال مسۆگەر کرد و لەو قۆناخەدا رووبەڕووی ئەمریکا دەبێتەوە، هاوکات کەنەدا بەهۆی شکستەکەی بەرامبەر سویسرا پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی وەرگرت و لە یاری داهاتوودا بەرامبەر کۆریای باشوور یاری دەکات.
دوای ئەوەی بۆسنە بە ئەنجامی 3-1 لە قەتەری بردەوە، بەپێی پێشبینییەکان بە رێژەی 99% وەک یەکێک لە باشترین سێیەمەکانی کۆمەڵەکان دەگاتە قۆناخی داهاتوو و لە سان فرانسیسکۆ بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەمریکا یاریی دەکات. بۆسنە کە لە مۆندیالی 1994 بوونی نەبوو، ئێستا بە راهێنەرایەتی سێرگێی باربارێز کە پێشتر یاریزانی پۆکەری پیشەگەر بووە، سیستمێکی تۆکمەی پەیڕەو کردووە و لە لە پاشکۆی مۆندیال بە لێدانی سزای یەکلاکەرەوە گەیشتە ئەم قۆناخە.
ئیدین دزێکۆ، کاپتن و ئەستێرەی دیاری بۆسنە لە تەمەنی 40 ساڵیدا هێشتا وەک کلیلی سەرکەوتنی تیپەکەی ماوەتەوە، ئەو یاریزانەی 20 ساڵە لەسەریەک گۆڵ بۆ وڵاتەکەی دەکات، ئێستا ئاڵنگارییەکی گەورە لەبەردەم مۆریسۆ پۆچێتینۆی راهێنەری ئەمریکادایە. یەکێکی دیکە لە ناوە دیارەکانی ناو پێکهاتەی بۆسنە، ئیسمێر باژراکتارێڤیچی تەمەن 21 ساڵە، ئەم یاریزانە لە ئەمریکا لەدایکبووە و پێشتر یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەمریکا کردووە، بەڵام ئێستا نوێنەرایەتی وڵاتی دایک و باوکی دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، هەڵبژاردەی کەنەدا لە ڤانکۆڤەر بە ئەنجامی 2-1 بە سویسرا دۆڕا، ئەمەش وایکرد پلەی دووەمی کۆمەڵەی دووەم بەدەستبێنێت. هەرچەندە کەنەدا بە گۆڵێکی پرۆمیس دەیڤد کە ناتان سالیبا بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش بۆی دروستکرد گەڕایەوە ناو یارییەکە، بەڵام نەیتوانی ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە.
ئەم شکستە بۆ جێسی مارشی راهێنەری کەنەدا گران کەوت، چونکە ئێستا تیپەکەی دەبێت گەشت بەرەو لۆس ئانجلەس بکات و لە 28ـی مانگی 6ـی بەرامبەر کۆریای باشوور یاریی بکات، لە کاتێکدا ئەگەر یەکەم بووایە کاتی پشووی زیاتری دەبوو و لە هەمان شاری خۆیشی دەمایەوە.
هەڵبژاردەی سویسرا بە کۆکردنەوەی حەوت خاڵ بووە پێشەنگی کۆمەڵەکە و لە 2ـی مانگی 7 لە ڤانکۆڤەر چاوەڕێی یەکێک لە هەڵبژاردەکانی جەزائیر، ئێران یان میسر دەکات بۆ قۆناخی 32. یۆهان مانزامبی، یاریزانی لاوی سویسرا بە درەوشانەوەی لەم یارییەدا و دروستکردنی گۆڵێک، خۆی وەک یەکێک لە ئەستێرە نوێیەکانی مۆندیال ناساندووە.
کەنەدا لە مۆندیالی رابردوودا لە پلەی 31ـی ریزبەندییەکەدا بوو، بەڵام لەم مۆندیالەدا توانیویەتی قۆناخی کۆمەڵەکان ببڕێت، هەرچەندە پێکان و ماندوێتی یاریزانەکان بووەتە سەرئێشە بۆ راهێنەرەکەیان.




