رووداو دیجیتاڵ
نەیمار جونیۆر داسیلڤا، بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە مەشق و ئامادەکارییەکانی بەرازیلدا کردووە و بۆ یەکەمجار بەشداری لە یارییەکی مۆندیالدا دەکات.
بەرازیل بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە کاژێر 01:00 لە سێیەم یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر سکۆتلاند یاریی دەکات، دوای ئەوەی بەهۆی پێکانەوە لە دوو یاریی یەکەمی هەڵبژاردەکەدا یاریی نەکرد، نەیمار بەشێوەیەکی ئاسایی گەڕاوەتەوە نێو مەشق و راهێنانەکان و چاوەڕواندەکرێت لەو یارییەدا بەشداری بکات و کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی سامبا بۆ بینینی ئەو یاریزانە بێت.
پێشتر کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری بەرازیل رایگەیاندبوو، لە یاریی بەرامبەر سکۆتلاند، نەیمار بەشێک دەبێت لە یارییەکە و ئامادەدەبێت.
لە ئەگەری یارییکردنی لە یارییەکەدا، نەیمار بۆ جاری چوارەم بەشداری لە مۆندیالدا دەکات، لەکاتێکدا یاریزانەکە بە تۆمارکردنی 79 گۆڵ لە 129 یارییدا گۆڵکاری مێژوویی بەرازیلە.
نەیمار گەڕایەوە و بۆ بەرازیلییەکان جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام رافینیا پێکانی هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، گەڕانەوەشی بۆ نێو یاریگاکان دیار نییە.
بەرازیل بەبردنەوەیەک و یەکسانبوونێک پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەمی گرتووە و دەیەوێت رێگاکەی بۆ گەیشتن بە قۆناخی دووەم بەبردنەوەیەکی دیکە تەواو بکات.
هەڵبژاردەی سکۆتلاند دەیەوێت پارێزگاری لەو هەلەی بکات کە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال هەیەتی، کاتێک بەرامبەر بەرازیل یاریی دەکات.
یارییەکەیان دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانە لە کۆمەڵەی سێیەمدا، هەڵبژاردەکە لە فۆرت لۆدەردێل دوایین ئامادەکارییان بۆ یارییەکە کردووە و دەیانەوێت خۆیان لە دۆڕان بپارێزن، بۆ ئەوەی هەلی گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو لەدەست نەدەن.
سکۆتلاند جاری نۆیەمە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات، هەرگیز لە قۆناخی کۆمەڵەکان تێنەپەڕیوووە، هەڵبژاردەکە لە دوو یاریی رابردوودا بردنەوەیەک و دۆڕانێکی هەیە، خاوەنی سێ خاڵە و هەلی ئەوەی هەیە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بگاتە قۆناخی دووەمی جامی جیهان.
بەرازیل 10 یاریی بەشێوەیەکی گشتی بەرامبەر سکۆتلاند ئەنجامداوە، هەرگیز نەدۆڕاوە، 8 یاریی بردووەتەوە و لە دوو یارییدا هەردوولا یەکسانبوون.




