رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە یارییەکانی گەڕی سێیەمی کۆمەڵەی یەکەم کۆتاییدێن و ئەو هەڵبژاردانەی دەگەنە قۆناخی دووەم یەکلادەبنەوە.
هەردوو یارییەکەی گەڕی سێیەمی کۆمەڵەی یەکەم کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی پێنجشەممە بەڕێوەدەچن، هەڵبژاردەی مەکسیک، میوانداری مۆندیال بە دوو بردنەوەی لەسەریەک بەرامبەر ئەفریقای باشوور و کۆریای باشوور شەش خاڵی کۆکردووەتەوە و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی دووەم مسۆگەرکردووە، لە سێیەم یارییدا بەرامبەر چیک یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە بۆ ئەوەی بە ژمارەی تەواوەوە بگاتە قۆناخی دووەم.
چاوەڕواندەکرێت لە یارییەکەدا خاڤێر ئاگێری، راهێنەری مەکسیک هەندێک گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەیدا بکات و سوود لەو یاریزانانە وەربگرێت کە لە دوو یاریی رابردوودا خولەکی کەمیان بەرکەوتووە.
هەڵبژاردەی چیک پێویستی بەبردنەوەی یارییەکەیە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی دووەمی مۆندیال، لەکاتێکدا یاریی یەکەمی بەرامبەر کۆریای باشوور دۆڕاندووە و دوای ئەوە لەگەڵ ئەفریقای باشوور یەکسانبووە.
لەو کاتەوەی چیک و سلۆڤاکیا جیابوونەتەوە ئەمە جاری دووەمە هەڵبژاردەی چیک دەگاتە مۆندیال و لە دوای 2006ـەوە یەکەمجارە بەشداری دەکات، هەڵبژاردەکە نەگەیشتووەتە قۆناخی دووەم و دەیەوێت یارییەکە بباتەوە بۆ ئەوەی هەلی سەرکەوتنی هەبێت.
کۆریای باشوور، لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگاتەوە قۆناخی دووەمی مۆندیال.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە کۆریای باشوور لە سێیەم یارییدا لە مۆندیالدا بەرامبەر ئەفریقای باشوور یاریی دەکات، کۆریای باشوور لە مۆندیالی رابردوودا گەیشتە قۆناخی شازدە و دەیەوێت ئەمجارە لە قۆناخی کۆمەڵەکان بپەڕێتەوە.
هەڵبژاردەی کۆریای باشوور چارەنووسی لە دەستی خۆیدایە، ئەگەر یارییەکە بباتەوە راستەوخۆ دەگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
کۆریای باشوور سەرکەوتنی بەرامبەر چیک بەدەستهێنا و بەرامبەر مەکسیک دۆڕاوە، تیپەکە خاوەنی سێ خاڵە، تەنانەت ئەگەر یارییەکەش بدۆڕێنێت، هێشتا تیپەکە هەلی ئەوەی دەبێت وەکو یەکێک لە باشترین سێیەمەکان بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
سۆن هیونگ مین و هاوڕێکانی دەیانەوێت خۆیان لە دۆڕان بپارێزن، بۆ ئەوەی نەکەونە دڵەڕاوێک و ئەگەری چاوەڕواننەکراو بۆ سەرکەوتن.
هەڵبژاردەی ئەفریقای باشوور، لە یارییەکدا دۆڕاوە و لە یارییەکیشدا یەکسانبووە، ئەوان پێویستیان بەبردنەوەی یارییەکە هەیە بۆ ئەوەی هەلی سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتووی مۆندیال هەبێت، جگە لەوە سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو ئەگەرێکی زۆر لاواز دەبێت.




