رووداو دیجیتاڵ
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە یەکەم چاوپێکەوتندا، پاش گەڕانەوە بۆ مەشقدانی یانە ئیسپانییەکە رایگەیاند گەڕاوەتەوە بۆ یارمەتیدانی یانەکەی، نەک رەخنەگرتن لەوانیدیکە و دووپاتیدەکاتەوە، هاوکاریی ئێمباپێ دەکات بۆ ئەوەی باشتر دەربکەوێت.
ریال مەدرید رۆژی 11ی ئەم مانگە، دەستنیشانکردنی جۆزێ مۆرینیۆی بە راهێنەری نوێی یانەکە بۆ سێ وەرزی داهاتوو راگەیاند. بڕیارە مۆرینیۆ رۆژی 13ی مانگی داهاتوو لە ئەرکە نوێیەکەی دەستبەکاربێت.
مۆرینیۆ کە ساڵی 2004 خۆی بە سپێشەڵ وەن ناساند، لە چاوپێکەوتنەکەدا نەرمتر لە جاران دەرکەوتووە، ئەو دەڵێ، "من نامەوێ بڵێم باشترین بژاردەبووم، بەڵکو یەکێک بووم لە بەربژێرەکان".
رۆژنامەی 'مارکا' دەڵێ، مۆرینیۆ گوتوویەتی، "مێژووی ریال مەدرید بەهیچ یانەیەکی دیکە بەراورد ناکرێت، درێسە سپیییەکە جادوویەکی تایبەتی هەیە، کاتێک باسی ریال مەدرید دەکەین، ئێمە باسی مێژوو و میراتی تۆپی پێ دەکەین".
مۆرینیۆ لەبارەی قۆناخی نوێی لەگەڵ یانەکە کە کیلیان ئێمباپێی لێیە، دەڵێ، "ئێستا کاتی قسەکردن نییە، کاتی چێژوەرگرتنە".
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە گوتوویەتی، "من لێرەم بۆ هاوکاریکردن، نەک رەخنەگرتن".
ئەو زیاتر دەڵێ، "ئێمباپێ یاریزانێکی ناوازەیە، هەوڵدەدەم هاوکاریی بکەم بۆ ئەوەی باشتر بێت".
سپێشەڵ وەن، هەروەها لەبارەی کلاسیکۆکانی رابردووەوە دەڵێ، "جیهان ئەوکات رادەوەستا بۆ بینینی ئەو یارییانە، بابەتەکە تەنیا لە ریال مەدرید و بارسێلۆانادا کورت نەدەبووەوە، جیهان بەگشتی چاوەڕێی ئەو یارییە ناوازانەی دەکرد".
مۆرینیۆ دووپاتیکردووەتەوە هیچ هەستیارییەکی بەرامبەر بارسێلۆنا نییە، دواتر دەڵێ، "چێژ لە یارییکردن بەرامبەر باشترینەکان وەردەگرم، لەبەرئەوەی باشترینەکان ناچارت دەکەن باشتر بیت".
مۆرینیۆ، فەلسەفەی بیرکردنەوەی خۆی لە دیڕێکدا دەخاتە روو، ئەو دەڵێ، "بیردۆخەیەکی بێمانا هەیە کە دەڵێ، دەکرێ بێبردنەوە مەزن بیت، لە وەرزشدا شتی وانییە، دەبێ هەموو کات ئامانجت بردنەوە بێت".
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە رەتیدەکاتەوە ئامانجی ئەوەبێت خۆی سەنتەری رووداوەکان بێت و تیشکەکە لە یاریزانەکانی بدزێت، ئەو دەڵێ، "هەرگیز نەمویستووە لە یاریزانەکانم گرنگتر بم".
ئەو دەڵێ، کارێزما لە خۆنمایشکردنەوە نایەت، "ناتوانی بچیت لە سوپەرمارکێتێک کارێزما بکڕیت، بەڵکو دەسەڵات و کارێزما بەهۆی کاری لێبڕاوانە، مەشق، سەرکردایەتی و ئامادەکاری بۆ یارییەکان و رازیکردنی یاریزانەکانەوە دروست دەبێت".
لەگەڵ دەستبەکاربوونەوەی مۆرینیۆدا، ریال مەدرید گۆڕانکاریی گەورەی لە پێکهاتەکەیدا دەستپێکردووە، گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە مارک کوکورێیا، براهیما کۆناتێ و بێرناردۆ سێلڤا راگەیاندووە. پێشبینیکراوە یانەکە کار بۆ بەڕێکردنی چەند یاریزانێک بکات، کە ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە دەخوازێت بەڕێیان بکات.




