رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، باسی ئامادەسازییەکانی هەڵبژاردەکەی بۆ دوایین یاریی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال کردووە، دووپاتیکردووتەوە ئەوان بیر لە یاریی رکابەرەکەیان کە مەغریبە ناکەنەوە، بەڵکو چاویان لەسەر دوایین یاریی خۆیانە.
بەرازیل لە ململانێیەکی توونددا دەبێت لەگەڵ مەغریب، بۆ وەرگرتنی پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی و گەیشتن بەقۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە، وەک پێشەنگی کۆمەڵەکە.
بەرازیل بەرامبەر سکۆتلاند دوایین یاریی خۆی ئەنجامدەدات، لە کاتێکدا مەغریب رووبەڕووی هایتی دەبێتەوە.
ئەنچێلۆتی بەر لە یارییەکە دەڵێ، "ئێمە سەیری یارییەکەی مەغریب ناکەین. ئێمە بە تەواوی بیرکردنەوەمان لای یارییەکەی خۆمان دەبێت. هەروەها دەمانەوێت باشتربین بۆ ئەوەی یارییەکی باشتر لەوەی بەرامبەر هایتی ئەنجامماندا پێشکەش بکەین. مەغریب هەلی ئەوەی هەیە سەربکەوێت و ببێتە پێشەنگی کۆمەڵەکە، بەڵام ئێمە بیر لەو یارییە ناکەینەوە".
هاندەرانی بەرازیل چاوەڕێی یەکەم دەرکەوتنی نەیمار لە مۆندیالی ئەمساڵدا دەکەن، پاشئەوەی ئەو یاریزانە بەهۆی پێکانەوە، بەشداریی لە دوو یاریی یەکەمی هەڵبژاردەکە لە پاڵەوانێتییەکە نەکرد.
راهێنەری بەرازیل دەڵێ، "نەیمار ئامادەیە. ئەم هەفتەیە زۆر بە باشی مەشقی کردووە. ئەو لە رووی جەستەییەوە ئامادەیە بۆ یاریکردن. ئێمە زۆر دڵخۆشین کە ئەو گەڕاوەتەوە. ئەو یاریزانێکی ئاستبەرزە. دەتوانێت بۆ ماوەی گێمێک یان تەواوی 90 خولەک یاری بکات. ئەو زۆر باشە و زۆر بە تووندی کاری کردووە، بۆیە ئامادەیە. رەفتار و هەڵسوکەوتی زۆرباشە و باری دەروونیی جێگیرە. ئەو یاریزانێکی باش و هاوتیپێکی نایابە؛ زۆر پابەندە لە کارەکەیدا. دەمانەوێت بە زووترین کات بیگەڕێنینەوە بۆ ناو یاریکردن، بۆیە من زۆر دڵخۆشم. ئەو ئەزموون و زانیارییەکی زۆر دەهێنێتە ناو تیپەکە و ئێستاش زۆر بە باشی کارەکانی ئەنجام دەدات".
میدیای بەرازیل پێشبینیدەکەن نەیمار لە یارییەکەی بەرەبەیانی سبەیدا، لانیکەم 30 خولەک یاریی بکات، لە کاتێکدا بەرازیلییەکان هیواخوازن، نەیمار بەشێک لەو بۆشاییەی نێو پێکهاتەکە پڕ بکاتەوە، کە پێکرانی رافینیا دروستیکردووە.




