رووداو دیجیتاڵ
چاڤی هێرناندێز، ئەفسانەی بارسێلۆنا، پەسنی لیۆنێل مێسیی هاوڕێی پێشووی دەدات و جەخت دەکاتەوە کە ناکرێت بە هیچ یاریزانێکی دیکە لە مێژووی تۆپی پێدا بەراورد بکرێت، و وەک 'مایکل جۆردنی ئەم وەرزشەیە" وەسفی دەکات.
چاڤی لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەی زا ئاتلێتیکی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت بۆچوونەکەی لەسەر مێسی دەگەڕێتەوە بۆ بەهرە دەگمەنەکەی و بەردەوامبوونی لەسەر لووتکە بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ، لەگەڵ کەسایەتییە رکابەرە بێوێنەکەی کە وایلێکردووە -بە قسەی چاڤی- ببێتە یاریزانێکی "نزیک لە سەروو مرۆڤ".
دەقی وتارەکەی چاڤی هێرناندێز..
یەکەم بینین
تەمەنم 20 ساڵ بوو کاتێک بۆ یەکەمجار ناوی لیۆنێل مێسیم بیست. یەکێک لە راهێنەرانی لاوان لە بارسێلۆنا پێیگوتم کوڕێک لە ئەرجەنتینەوە هاتووە بۆ ئەکادیمیاکەمان، گوتی تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی هاوشێوەی ئەوم نەبینیوە. راستگۆ بم، گومانم هەبوو، چونکە منداڵی بەهرەمەندی زۆر دێنە ناو بارسێلۆناوە. بڕوام وابوو ناتوانی بڕیار لەسەر یاریزان بدەیت تاوەکو نەگاتە تیپی یەکەم.
راهێنەرەکە پێیگوتم "چاڤی، ئەم کوڕە جیاوازە".
دواتر لە چەند ساڵی دواییدا، گرتە ڤیدیۆییەکانی مێسیم لە کەناڵی بارسێلۆنا دەبینی. لێهاتووییەکانی، گۆڵەکانی. ئەو دیمەنانەی تێیدا ٤ یان ٥ بەرگریکاری دەبڕی و پاشان گۆڵپارێزەکەشی تێدەپەڕاند. وەک بەهرەیەکی سەرووسروشتی دەردەکەوت، بەڵام زۆر گەنجی دیکەش وا دەردەکەوتن، چونکە کەناڵەکە تەنیا باشترین کاتەکانیانی نیشان دەدا.
لە ساڵی ٢٠٠٤، هەمان ڕاهێنەر نامەیەکی بۆ ناردم: "ئەو ئەرجەنتینییەی پێم وتبووی، سبەی لەگەڵتان مەشق دەکات." لە دڵی خۆمدا وتم: باشە، کاتی ئەوە هاتووە ببینین ئەم کوڕە لە چی دروستکراوە.
تاوەکو ئێستاش یەکەم یەکەی مەشقی ئەوم لەبیرە. شێوازی کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ، بڕینی یاریزانەکان، پاسدانەکانی و پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێکانی.. هەموو شتێکی پێ دەکرا. ئەو "دیاردە" بوو.
نەمدەتوانی بڕوا بەوە بکەم کە دەیبینم. تەنانەت یاریزانە گەورەکانی دیکەش وەک کارلیس پویۆل، ڤیکتۆر ڤاڵدێز، دیکۆ و رۆناڵدینۆ؛ تەنیا سەیرمان دەکرد وەک بڵێین "ئەمە ئاسایی نییە". لێو تەنیا ١٦ ساڵ بوو، بەڵام راستەوخۆ بووە باشترین یاریزانی یانەکە.
کوڕێکی کۆڵنەدەر و رکابەرێکی سەرسەخت بوو، زۆر بەپەرۆش بوو بۆ سەرکەوتن. کاتێک بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت، تەنیا مەبەستی گۆڵ بوو، بێئەوەی کات بە جوڵەی زیادە و نمایش بکوژێت. چاوەکان تەنیا لەسەر گۆڵ بوون. تەنانەت لە بارسێلۆناشدا، ئێمە شتی وامان نەبینیبوو.
لێو لە دەرەوەی تۆپی پێ شەرمن و گۆشەگیر بوو. لە گەشتێکی ئاسیا، پێکەوە لە یەک ژوور بووین. بۆ داگیرساندنی تەلەڤزیۆنەکە مۆڵەتی لە من وەردەگرت! پێم دەگوت "ئارام بگرە، کێشە نییە، تۆ لێرە فەرمان لە من وەرناگریت". هەوڵم دەدا وای لێبکەم هەست بە ئاسوودەیی بکات.
لەناو یاریگادا، بەردەوام قسەمان دەکرد. پێیدەگوتم "چاڤی، ئەم یاریزانە زۆر لێمەوە نزیکە، لە بۆشایی پشت سەریەوە تۆپم بۆ بنێرە". هەندێکجار دەمبینی نیگەرانە، چونکە تۆپی بەرنەدەکەوت، دەمگوت: وەرە دواوە، وەرە نزیک. دەهاتە لای من و ئینێستا و بۆسکێتس بۆ ئەو شوێنەی کایەکەی تێدا دەسوڕایەوە. چەند لێو زیاتر قاچی لە تۆپ بدایە، تیپەکە زیاتر سوودمەند دەبوو.
یاریکردن لەگەڵ مێسی زۆر ئاسان بوو. ئەگەر نەتوانی لە مێسی تێبگەیت، کەواتە تۆ یاریزانی تۆپی پێ نیت؛ بەو سادەییە. کاتێک پاس بۆ لێو دەدەیت، بە باشترین شێوە و لە کاتی گونجاودا بۆت دەگەڕێنێتەوە، هەمیشە بۆ ئەو قاچەت کە ئارەزووی دەکەیت. وەک کەسێک کە حەزی لە پاسدان بێت، یاریکردن لەگەڵ ئەو چێژێکی گەورە بوو. لێو منی کرد بە یاریزانێکی باشتر.
باشترین وەشان
زۆر نمایشی مێسی هەن کە لە مێشکمدا ماونەتەوە، بەڵام ئەگەر ناچاربم یەکێکیان هەڵبژێرم، یاریی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای 2011ـیە بەرامبەر ریال مەدرید لە بێرنابیۆ. مۆرینۆ وای کردبوو چیمەنی یاریگاکە زۆر بەرز بێت، دەیانویست بە یەکسانبوون بچنە دەرەوە.
لێو گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، پاشان ئەو راکردنە مێژووییەی بەشێوازی مارادۆنا دەستپێکرد. بە تەنیا بەرامبەر لاسانا دیارا، چاڤی ئەلۆنسۆ، رائول ئالبێیۆل و سێرخیۆ رامۆس بوو، هەموویانی بڕی. لەو رۆژەدا ئێمە هیچمان نەکرد، تەنیا مێسی دەرکەوت. ئەمە ئەو شتەیە کە ئەو دەیتوانی بیکات. کاتێک یاریی بەکۆمەڵی ئێمە پەکی دەکەوت، کارتە براوەکەمان لای باشترین یاریزانی مێژوو بوو. مێسی بە تەنیا یارییەکانی بۆ دەبردینەوە.
ئێستا کە سەیری دەکەم، هەست بە سۆزێکی زۆر دەکەم. من تاوەکو 39 ساڵی یاریم کرد، بەڵام ئەو کاتە لە خولی قەتەر بووم. لیۆ ئێستا لەو تەمەنەدایە، بەڵام کە سەیری دەکەی، دەبینی هێشتا هەر هەمان مێسییە. هیچ نەگۆڕاوە. سەیری جوڵەی خێرای قاچەکانی بکەن... هەر کەسێکی دیکە بووایە دوای مۆندیالی 2022 وازی دەهێنا، بەڵام ئەو دڕندەیەکی رکابەرە. بڕوای وایە دەتوانێت جارێکی دیکەش مۆندیال بباتەوە.
هیچ گومانم نییە ئەرجەنتین دەگاتە قۆناخەکانی کۆتایی و باشترینەکانی مێسی دەبینین. ئەو لەڕووی دەروونییەوە خۆی بۆ ئەمە ئامادە کردووە، سەرەڕای ئەوەی خەڵک دەڵێن ئاستی جەستەیی دابەزیوە، بەڵام دێت و 3 گۆڵ تۆمار دەکات.
گۆڵی یەکەمی بەرامبەر جەزائیر،"مێسییەکی پەتی" بوو. کاتێک رۆدریگۆ دی پۆل سەیری کرد، لیۆ لە شوێنی گونجاو و کاتی گونجاودا بوو. پێش ئەوەی تۆپەکە وەربگرێت، سێ جار سەیری پشت سەری خۆی کرد. ئەمە یەکێکە لە نهێنییەکانی. بەردەوام سەیری دەوروبەری دەکات و هەموو شتێک هەڵدەسەنگێنێت. زۆربەی کات تەنیا دەڕوات، بەڵام ئەو دەڕوات و سەیری دەوروبەری دەکات" کاتێک هاوڕێکانی پاس دەدەن، ئەو دەزانێت یاریزانی ناوەندی بەرگریی بەرامبەر لەکوێیە، بەرگریکارەکان لەکوێن و بۆشاییەکان لەکوێن. تێگەیشتنی ئەو بۆ یارییەکە بێوێنەیە.
یاریکردن لە هەموو پۆستەکاندا
لە بارسێلۆنا راهێنانی مێشکمان زۆر دەکرد بۆ دۆزینەوەی یاریزانی ئازاد، مێسی مامۆستای ئەو کارە بوو. زێدەڕۆیی ناکەم ئەگەر بڵێم مێسی دەیتوانی لە پۆستی ئینێستا، بۆسکتس، پویۆل و تەنانەت لە پۆستی منیشدا یاری بکات و لە هەموومان باشتر بێت.
دوای یاریی جەزائیر نامەم بۆ نارد و پێمگوت کە ئەو بڕواپێنەکراوە، کاتێک بینیم چی کردووە تەنیا پێکەنینم دەهات. ئەوە شێتی بوو. مێسی هەمیشە لە کاتی گونجاودا دەردەکەوێت. بۆ من، ئەو بەراورد ناکرێت، ئەو بوونەوەرێکی سەروو مرۆییە.
حەز دەکەم بڵێم ئەو "مایکل جۆردنی تۆپی پێیە". لە مێژوودا کەس نییە هاوتای ئەو بێت. ئەو بەهۆی بەردەوامبوونییەوە بەسەر هەموو گەورەکانی رابردوودا سەرکەوت؛ بۆ ماوەی 20 ساڵ باشترینی جیهان بووە.
ئەو رقی لە دۆڕانە. جەستەیەکی هەیە کە بەتایبەت بۆ تۆپی پێ دروستکراوە. گۆڵەکانی بەرامبەر جەزائیر لەبیر بکەن، تەنیا سەیری شێوازی یاری و تینوێتییەکەی بکەن بۆ بردنەوە. ئەو عەقڵییەتی پاڵەوانێکی هەیە کە هەرگیز دووبارە نابێتەوە.




