رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی مێژوویەکی نوێی لە مۆندیال نووسییەوە، دوای ئەوەی توانی ریکۆردی زۆرترین گۆڵی تۆمارکراو لە مێژووی پاڵەوانێتییەکە بەناوی خۆیەوە بنووسێتەوە و ئەرجەنتین بگەیێنێتە قۆناخی 32.
لە یارییەکی بەهێزدا لە شاری دالاس، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی نەمسای بردەوە. هەردوو گۆڵەکە لەلایەن لیۆنێل مێسی تۆمارکران، بەوەش ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 18 گۆڵ و ریکۆردەکەی میرۆسلاڤ کلۆزەی ئەڵمانی شکاند کە خاوەنی 16 گۆڵ بوو.
مێسی لە سەرەتای یارییەکە و لە خولەکی 9 لێدانێکی سزای لەدەستدا، بەڵام پێش کۆتاییهاتنی گێمی یەکەم و لە خولەکی 38 گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد. گۆڵی دووەمیش لە کاتی زیادکراوی نێوەی دووەمی یارییەکەدا هات.
مێسی بووە یەکەم یاریزان لە مێژوودا لە پێنج مۆندیالی جیاوازدا گۆڵ تۆماربکات (2006، 2014، 2018، 2022 و 2026). تەنیا کریستیانۆ رۆناڵدۆ هاوشێوەی ئەو لە 5 مۆندیالدا گۆڵی هەبوو، بەڵام ژمارەی گۆڵەکانی رۆناڵدۆ 8 گۆڵە. ئەستێرەکەی یانەی ئینتەرمەیامی 14 گۆڵی بە پێی چەپ و 4 گۆڵی بە پێی راست تۆمارکردووە، پێنج گۆڵیشیان لە دەرەوەی ناوچەی سزاوە بوون.
مێسی لە مێژووی مۆندیالدا سێ لێدانی سزای لەدەستداوە بەرامبەر بە ئایسلەندا، پۆڵەندا و نەمسا، ئەمەش زۆرترین رێژەیە بۆ یاریزانێک لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەم سەرکەوتنە گەیشتنی بە قۆناخی 32 مسۆگەر کرد و لە 3ـی مانگی 7ـی لە شاری مەیامی یاری داهاتووی ئەنجام دەدات. ئەرجەنتین پاڵەوانی پێشووی مۆندیالە و یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکان بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوەکە.




