رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بەرامبەر فەرەنسا یاریی دەکات و بەدوای ئەنجامدانی سوپرایزێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بکاتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە کاژێر 00:00 لە دووەم یارییدا لە مۆندیالدا، عێراق بەرامبەر یەکێک لە بەهێزترین و باشترین تیپەکانی ئێستای جیهان یاریی دەکات، کە خاوەنی کیلیان ئێمباپێ، عوسمان دێمبێلێ و مایکل ئۆلیسێیە و تیپێکی پڕە لە ئەستێرەی نێودار و دیار.
هەڵبژاردەکە لە یاریی یەکەمیدا بەرامبەر نەرویج چوار گۆڵی لێکرا و دۆڕا، رۆژی یەکشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە لە فێلادێلفیا ئەنجامدا و ئەمشەو لە ئەزموونێکی نوێ و گەورەدا خۆی تاقیدەکاتەوە.
چاوەڕواندەکرێت هاوشێوەی یاریی رابردوو گراهام ئارنۆڵد بەهەمان پێکهاتەی یاریی نەرویجەوە بەرامبەر فەرەنسا یاریی بکات، هەریەکە لە مێرخاس دۆسکی و ئاکام هاشم، هەردوو یاریزانە کوردەکەی هەڵبژاردەکە لە پێکهاتەی سەرەکیدا یاریی بکەن.
موهەنەد عەلی، پێش ئەنجامدانی ئەم یارییە هەستی بە ئازار کردووە و ئەگەری هەیە لە پلانەکانی راهێنەری عێراقدا نەبێت بۆ یارییەکە.
ئەم یارییە رووداوێکی مێژووییە؛ فەرەنسا و عێراق پێشتر لە هیچ یارییەکی فەرمی یان دۆستانەدا رووبەڕووی یەک نەبوونەتەوە. بۆ فەرەنسا، بردنەوە بە واتای مسۆگەرکردنی شوێنێک دێت لە قۆناغی داهاتوو، بەڵام بۆ عێراق، ئەمە هەلێکە بۆ راگەیاندنی گەڕانەوەیان بۆ سەر شانۆی جیهانی و بە زیندوویی هێشتنەوەی هیوای سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو. دۆڕان لە یارییەکەشدا هەلی ئەوان زۆر لاواز دەکات و زیاتر لە کرانە دەرەوە نزیکیان دەکاتەوە.
هەڵبژاردەی فەرەنسا، بە سەرکردایەتیی کیلیان ئێمباپێ ئامادەیە بۆ رکابەریکردنی هەڵبژاردەی عێراق و بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە، لەپێناو گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
فەرەنسا، لە یاریی یەکەمیدا سەرکەوتنی بەرامبەر سەنیگال بەدەستهێنا و لەو یارییەدا کیلیان ئێمباپێ دوو گۆڵی تۆمارکرد، تیپەکە بە هەموو ئەستێرەکانییەوە بۆ ئەم یارییە ئامادەیە و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، بۆ ئەوەی راستەوخۆ خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
هەڵبژاردەکە لە فێلادێلفیا دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، ئەمشەو لە یاریگای لینکۆڵن فینانشاڵ فیڵد بەرامبەر عێراق دووەم یارییان ئەنجامدەدەن.
تیپەکە بە یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرەکانی مۆندیال دادەنرێن، هەمووان چاوەڕێی ئاستی فەرەنسا دەکەن کاتێک بەرامبەر عێراق یاریی دەکەن، هاندەرانی عێراق ترسی زۆریان لە رووبەڕووبوونەوەی ئێمباپێ هەیە و زۆرن ئەوانەی پێیانوایە فەرەنسا دەتوانێت بە ئەنجامێکی گەورە سەرکەوتن بەرامبەر عێراق بەدەستبهێنێت.




