رووداو دیجیتاڵ
رادی بۆگدانۆڤیچ، هێرشبەری پێشووی نێودەوڵەتی یۆگسلاڤیا کە ئێستا وەک شیکەرەوەی وەرزشی لە تەلەڤزیۆنی سڕبی کار دەکات، مشتومڕێکی بەرفراوانی نایەوە دوای ئەوەی لێدوانێکی رەگەزپەرستی ئاشکرای دژی یاریزانە رەشپێستەکان دا لە کاتی شیکردنەوەی یاریی نێوان بەلجیکا و ئێران لە مۆندیالی 2026، ئەمەش وەک 'ئابڕووچوونێکی میدیایی' وەسف کرا.
بەگوێرەی ئەوەی لە کەناڵی فەرمی RTSـی سڕبی پەخشکراوە، بۆگدانۆڤیچ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەرکردنی 'ناتان نگۆی'ـی بەرگریکاری بەلجیکا لە خولەکی 66، گوتی "لە ئاستێکی وەک ئەمەدا، کە دوا بەرگریکار بیت و تۆپێکی جێگیرت لەدەست بچێت و پاشان دەربکرێیت.. من هەمیشە گوتوومە ئەم یاریزانانە (من رەگەزپەرست نیم)، بەڵام یاریزانە رەشپێستەکان بەتایبەتی، سەرنجی پێویستیان نییە بۆ ئەوەی زیاتر لە 60 بۆ 80 خولەک خۆڕاگربن".
شیکەرەوە سڕبییەکە نەک هەر لە لێدوانەکەی پەشیمان نەبووەوە و داوای لێبووردنی نەما، بەڵکو پێداگری لەسەر گوتەکانی کردەوە و گوتی "ئەگەر بمانەوێت بچینە ناو وردەکارییەکانەوە، ئەوا دەیکەین. ئەوانیش هەڵە دەکەن. بێگومان من گشتگیری ناکەم، بەڵام زۆرینەیان تەرکیز لەدەست دەدەن و پاشان ئەم جۆرە دۆخانە روودەدەن". ئەم لێدوانانە شەپۆلێکی تووڕەیی گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە.
بۆگدانۆڤیچ، کە 3 یاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی یۆگۆسلاڤیای پێشوو ئەنجامداوە و 2 گۆڵی تۆمارکردووە، یەکێکە لە دەموچاوە ناسراوەکانی میدیای وەرزشیی سڕبیا، بەڵام لێدوانەکانی ئەم دواییەی خستییە ناو جەرگەی مشتومڕێکی ئەخلاقی و پیشەییەوە، بەتایبەت لە ژێر رۆشنایی پابەندبوونی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی FIFA و یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا UEFA بۆ بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی لە نێو یاریگاکاندا.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکی هەستیاردا دێن، کاتێک پاڵەوانێتی مۆندیالی 2026 بەشداریکردنی بەرفراوانی یاریزانانی نەتەوە و رەگەزە جیاوازەکان بەخۆیەوە دەبینێت و هەڵمەتە نێودەوڵەتییەکان بۆ بنبڕکردنی جیاکاریی رەگەزی لە وەرزشدا چڕکراونەتەوە، ئەمەش وای کردووە قسەکانی ئەم شیکەرەوەیە ببێتە پێشێلکارییەکی زەق بۆ بەها وەرزشی و مرۆییەکان.
تاوەکو ئێستا کەناڵی فەرمی RTSـی سڕبی هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی سەبارەت بەو لێدوانە رەگەزپەرستییانە بڵاونەکردووەتەوە کە راستەوخۆ پەخشکراون، لە کاتێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داواکارییەکان بۆ لێپرسینەوە لەو شیکەرەوەیە و سڕکردنی لە کارەکەی روو لە زیادبوونن، هەروەها داوا لە لایەنە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن و رێکاری تووند بگرنەبەر.




