رووداو دیجیتاڵ
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، رەتیدەکاتەوە لە یاریی بەرامبەر فەرەنسادا، پەنا بۆ بەرگریی پتەو ببات و دەڵێ، من هەموو کات ئەو راهێنەرەم کە تەنیا بیر لە بردنەوە دەکەمەوە.
بەرەبەیانی سبەی، کاژێر 00:00 بەکاتی باشووری کوردستان، عێراق و فەرەنسا، لە دووەم یاریی خۆیاندا لە مۆندیالی ئەمساڵ، رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
گراهام ئارنۆڵد بەر لە یارییەکە دەڵێ، "من هەمیشە ئەو راهێنەرە بووم کە بە ئامانجی بردنەوە دەچێتە ناو یاریگا، نەک بۆ ئەوەی تەنیا هەوڵی نەدۆڕان بدات. ئەگەر ئەو عەقڵیەتەت هەبێت، بەڵێ، رەنگە رۆژانێک هەبن تێیدا پلانەکانت سەرنەگرن، بەڵام رۆژانێکی زۆریشت دەبێت کە تێیدا سەرکەوتوو دەبیت. کاتێک ئەم بیرکردنەوەیە دەگوازیتەوە بۆ یاریزانەکان و ئەو بڕوا و پێشبینییەیان لا دروست دەکەیت کە بۆ بردنەوە دەچینە یاریگاوە، ئەوکات یاریزانەکان دەخەیتە بارێکی دەروونیی باشەوە. وەک گوتم، من هەرگیز بۆ ئەوە راهێنەرایەتیم نەکردووە تەنیا هەوڵ بدەم نەدۆڕێم".
راهێنەری عێراق بەگاڵتەوە باسی ئەوەی کردووە، تیپەکەی چۆن توانای بەرگرتن لە هێرشبەرانی فەرەنسایان دەبێت، ئەو دەڵێ، "پرسیم ئایا دەتوانین بە سێ گۆڵپارێزەوە یاری بکەین؟ بەڵام گوتیان نەخێر".
لەبارەی پێکهاتەی فەرەنساوە، ئارنۆڵد دەڵێ، "بزانە، فەرەنسا یاریزانی ناوازەیان هەیە و یاریکردن بەرامبەریان شانازییە، شانازییە. ئێمە دەچینە یاریگا و سەرنجمان تەنیا لەسەر خۆمانە، مەبەستم لەوەش ئاستی خۆمانە. ئێمە ناتوانین کۆنتڕۆڵی ئاستی فەرەنسا بکەین، بەڵام دەتوانین کۆنتڕۆڵی ئاستی خۆمان بکەین. ئێمە دڵنیا دەبینەوە کە یاریزانەکانمان بە تەواوی ئامادە بن بۆ ئەوەی بچنە ناو یاریگا و بە جیهانی پێشان بدەن کێن و چییان پێیە. ئەمە گرنگترین شتە".
ئارنۆڵد، گەشبینە بە ئاستی ئێستای هەڵبژاردەکەی، "کارەکە تاوەکو ئێستا نایاب بووە، چێژم لە هەموو خولەکێکی بینیوە و پێموایە گەلی عێراق و هاندەران و یاریزانانیش هەمان هەستیان هەبووە. ئێستا تەنیا مەبەستمان ئەوەیە خۆمان بۆ یارییەکان ئامادە بکەین. لەلایەن منەوە، هەموو شتێک تەنیا پەیوەندی بە تۆپی پێوە هەبووە و تێکەڵی سیاسەت نەبووە، ئەمەش زۆر باشە".
هەڵبژاردەی عێراق کە لە کۆمەڵەی نۆیەم یارییدەکات، لەپاش یارییەکەی فەرەنسا، لە دوایین یاریی خۆیدا لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال، بەرامبەر هەڵبژاردەی سەنیگال یارییدەکات.




